سێ فڕۆکەخانەی نوێ لە عێراق دەکرێنەوە

وەزارەتی گواستنەوە عێراق ڕایگەیاند: تا کۆتایی ئەمساڵ، سێ فڕۆکەخانەی نوێ لە وڵاتەکە دەکرێنەوە، ئەوانیش بریتین لە؛ فڕۆکەخانەکانی مووسڵ، کەربەلا و ناسرییە.

چوارشەممە 2ـی تەموزی 2025، مەیسیم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: پلانی ستراتیژی گرنگ داڕێژراوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە وڵاتەکە، لەوانەش؛ دروستکردنی فڕۆکەخانە.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، دەڵێت: تا کۆتایی ئەمساڵ سێ فڕۆکەخانەی گەورە لە وڵاتەکە دەکرێنەوە، ئەوانیش؛ فڕۆکەخانەکانی مووسڵ، کەربەلا و ناسرییە.

باسی لەوەش کرد، دروستکردنی فڕۆکەخانە نوێیەکان، هاوکاتە لەگەڵ کاری نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.