ئاری ئەحمەد: ناوەڕاستی ئەم مانگە ئاو دەگاتە 20 گەڕەکی شاری هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: ناوەڕاستی ئەم مانگە، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر دەگاتە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر، تا کۆتایی ساڵیش سەدا سەدی پرۆژەکە تەواو دەبێت.
پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر زووتر لە وادەی خۆی تەواو دەکرێت، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، کاری سێ ساڵ کراوەتە ساڵێک بە کارکردنی بەردەوامی تیمەکان، ڕۆژانە 500 بۆ هەزار ئامێر لە پرۆژەکە کاری کردووە، جگەلەوەی ڕۆژانە 2 هەزار و 500 تا 5 هەزار کرێکار بە سێ شەفت کاریان تێدا کردووە، تەنانەت لە ڕۆژانی جەژنیش کاریان کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ناوەڕاستی ئەم مانگە یەکێک لە هێلە سەرەکییەکانی پرۆژەکە دەکەوێتە کار کە ئاو دەگەیەنێتە ئەو گەڕەکانەی دەکەوێتە نێوان ڕێگەی موسڵ بۆ ڕێگەی مەخموور و ڕێگەی کەرکووک تا دەگاتە شەقامی کۆیە، هەروەها دەرەوەی بازنەی شەقامی بازنەیی 120 مەتری، ئەو سنوورەش زیاتر لە 20 گەڕەکی شاری هەولێر لەخۆ دەگرێت لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزانیش.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە تا 30 ساڵی دیکە کێشەی بێ ئاوی لە هەولێر نەمێنێت، بەشێوەیەک لە قۆناغی یەکەمدا پێدانی ئاوی پرۆژەکە ئەزموون دەکرێت بۆ ئەوەی بێ ماتۆڕ بگاتە سەر تانکی سەر بانی هەر ماڵێک لەو گەڕەکانەی ئاوەکەیان پێ دەگات.
دەشڵێت: هەزار و 410 بیری ئاو کە ڕێژەی سەدا 52 و سەدا 48ـیش پرۆژەکانی ئیفراز 1 و 2 و 3 ئاو بۆ هەولێر دابین دەکەن، بڕیارە لە قۆناغی یەکەم و دووەمی پرۆژەی فریاگوزاریدا هەزار بیر بەکاتیی ڕابگیرێن، بەڵام پلانەکە ئەوەیە تەواوی بیرەکانی شاری هەولێر دوای تەواوبوونی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو بە قۆناغ رابگیرێن.
لەبارەی بڕی ئاوی دابینکراو بۆ شاری هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند: نزیکەی 360 هەزار تاکوو 400 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر لەڕێگەی بیرەکان و پرۆژەکانی ئیفرازەوە دابین دەکرێت، گوتی: ئەگەر هەزار بیر لە ناوچەیەکی جوگرافی ڕابگیرێت، ئەگەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەخێرایی بەرز نەکاتەوە، لە ئاستی خۆی ڕایدەگرێت، ئاماژەی بەوە کرد، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەبەر ئەوە بووە کە خێرایی دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی زیاتر بووە لە خێرایی پڕبوونەوەی حەوزەکانی ئاوی ژێر زەوی، ئەگەر زیاتر لە هەزار بیریش ڕابگیرێن، خێرایی پڕبوونەوەی حەوزەکانی ئاوی ژێرزەوی خێراتر دەبێت و ئاستی ئاوی ژێر زەویش بەرزدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوی پرۆژەی گۆپتەپە-چەمچەماڵ کاری دەستپێکردووەتەوە، بڕیارە لەماوەی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک تەواو بێت ئەگەر هیچ کێشەیەکی نەبوونی پارەی بۆ دروست نەبێت.