بەرهەمی ناوخۆ خواستی زیاتری لەسەرە
بەرهەمەکانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان خواستی زیاتریان لەسەرە، هاووڵاتییان پێیان چێژی بەرهەمە ناوخۆییەکان زیاترە، ئێستا وەرزی بەرهەمی ترێیە و تا ئێستا بەرهەمی ناوخۆ پێنەگەیشتووە، بۆیە لە بازاڕەکانی کوردستاندا ئێستا تەنها ترێی ناوەڕاستی عێراق هەیە، بە گوتەى سەرۆکى سەندیکاى عەلوەی سلێمانیش، بەرهەمی ناوخۆی خواستی زیاتری لەسەرەو لەگەڵ پێگەیشتینی کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی.
سەروەر عەلى، سەرۆکى سەندیکاى عەلوەى سلێمانى بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرهەمی ترێی ناوخۆ پێنەگەیشتووە، ئێستا بەرهەمی ترێی ناوەڕاستی عێراق لە بازاڕەکانی کوردستانە کە هی ناوچەکانی سامەڕا و بەلەدە لە ترێی سپی و ڕەش کە ناوی جۆراوجۆری عەرەبییان هەیە، دەشڵێت: تا ئێستا بەرهەمی ترێی ناوخۆی کوردستان پێنەگەیشتووە، ئەگەر پێ بگات، خواست لەسەر ترێ زیاد دەبێت، سەرۆکى سەندیکاى عەلوەى سلێمانى گوتی: ئەو ترێیەی زیاتر خواستی لەسەرە، ترێ ڕەشەکەیە کە دەکرێت بە سرکە، ئاماژەی بەوەشکرد، تام و چێژی بەرهەمی ترێی ناوخۆ زیاترە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەی ناوەڕاستی عێراق.
سەروەر عەلى، سەرۆکى سەندیکاى عەلوەى سلێمانى ڕایگەیاند: سەدا هەشتا بۆ نەوەتی بەرهەمەکان قەدەغەی هاوردەکردنیان بۆ کوردستان لەسەرە تا مانگی 11، ئەوەش وەک پاڵپشتییەک لە بەرهەمی خۆماڵیی و جووتیاران، دەڵێت: بەرهەمی ترێ ئێستا بە 750 دینار بۆ هەزار دینارە، خواست لەسەر ترێ لە خوار هەموو بەرهەمەکانی دیکەی بازاڕی عەلوەیە، خۆڵبارینیش کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکان دروست کردووە.