حکوومەتی عێراق چاندنی بەرووبوومی هاوینەی لە جووتیاران قەدەغە کرد

کەمئاوی حکوومەتی عێراقی ناچارکرد، چاندنی بەرووبوومی هاوینە لە جووتیاران قەدەغە بکات، جووتیارانیش نیگەرانن و دەڵێن، بەرووبوومەکانمان چاندووە دواتر بڕیاری قەدەغەکردنمان بۆ هاتووە، بۆیە داوادەکەن ئەمساڵ چاوپۆشیان لێبکرێت.

مام ئەنوەر نزیکەی 10 ڕۆژە زەوییەکەی بە گەنمەشامی داچاندووە و خەریکە سەوز دەبێت ، ماندووبوونی زۆرو پارەیەکی زۆریشی تێدا خەرجکردووە بەڵام بڕیارێکی کشتوکاڵی کەرکووک ڕەنج بەخەساری دەکات.

ئەنوەر عەلی، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، ئەو بڕیارەی ئێستا دەریان کردووە، دەبوایە دوو مانگ لەمەوبەر جووتیارەکان ئاگادار کرابانەوە، بۆ ئەوەی پارەی تێیدا خەرج نەکەن، گوتیشی: ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، هەموو بەرووبوومەکەمان بەفیڕۆ دەچێت.

 بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵی لێژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو لەعێراق، بڕیاری قەدەغەی چاندنی بەرووبوومی هاوینەی داوە و بۆئەمساڵ نابێت جووتیاران پڕۆسەی چاندن و کشتوکاڵ لەزەوییەکانیان بکەن، جووتیارانیش داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکەن.

جووتیارێکی دیکە بەناوی دارەوان عوبێد دەڵێت: داواکارین لە حکوومەت چاوپۆشیمان لێ بکات و ئەمساڵ تێپەڕینن.

لەکۆی 700 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای کەرکووک کەپلانی کشتوکاڵیان هەیە، بۆئەمساڵ تەنیا ڕێگەدەدرێت 180 بۆ 200 هەزاردۆنم زەوی بەرووبوومی هاوینەی تێدابچێندرێت، کە دەکاتە 20% زەوییەکان.

ئەندازیار، محەممەد قاسم، سەرۆکی بەشی پلاندانان لەبەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک ڕایگەیاند، ئەگەر ئێمە نەتوانین ئاوی خواردنەوە دابین بکەین چۆن ئەتوانین ئاو بۆکشتوکاڵ دابین بکەین؟ بڕیارەکە لەکاتێکدا دراوە، کۆگای ئاو لەبەنداو و زێ و پڕۆژەکان، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی ترسناک بوونەتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان و جووتیاران هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دەستگرتن بەئاو، چونکە کێشەیەکی گەورە ڕووبەڕوومان بۆتەوە نەک تەنیا ئەم وەرزە بەڵکو لەداهاتووشدا نازانین چی ڕوودەدات.

کێشەی ئاووگۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیەکی جیهانییە وعێراق لەهێڵی سووری ئەو وڵاتانەیە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆرترین کێشەی ڕووبەڕووبۆتەوە بەتایبەت لەدابینکردنی ئاوی خواردنەوە.

بەپێی یاساکانی زەوی و زار لەعێراق، خاوەن زەوی تەنیا ئەوەی لەسەر زەوییەکەیە هی ئەوە،  هەرشتێک لەژێزەوی بێت موڵکی دەوڵەتە، بڕیاری قەدەغەکردنی کشتوکاڵ و دەرهێنانی ئاوی ژێر زەویش لەچوارچێوەی ئەویاسایەدایە و دەوڵەت جووتیارانی پابەندکردووە بەبڕیارەکە.

 
Fly Erbil Advertisment