بەهۆی کەم بارانییەوە بەرهەمی ماسی کەم بووەتەوە

بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و کەم بارانییەوە، بەرهەمی ماسیی چەم و ڕووبارەکانی لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە پێویستییەکانی ناوخۆی  هەرێمی کوردستانی پڕ دەکردەوە.

ماسیگرانی چەم و ڕووبارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئاو، بەرهەمی ماسی کەمیکردووە، خاوەنی کۆمپانیایەکی بازرگانیی کڕین و فرۆشتن و ئامادەکردنی ماسیش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەراورد بە ساڵانی  ڕابردوو، بەرهەمی ماسی زۆر کەمی کردووە و کەم دەست دەکەوێت، بەشێوەک ماسیگر ناچێتە نێو چەم و ڕووبارەکان، چونکە هێندە ماسی دەست ناکەوێت کە بەشی بەنزینی ماتۆڕی بەلەمەکەی بکات، ئەگەر بایی 10 هەزار دینار ماسی بگرێت، سوپاسی خودا دەکات کە ئەو ڕۆژە توانیوویەتی پارەی بەنزینەکەی دەربکات.

خاوەنی ئەو کۆمپانیایە دەشڵێت: تەنها  ماسی تیرە لە چەم و ڕووبارەکان و دەریاچەکان هەن کە ماسی بچووکە و کیلۆی بە 750 دینارە، لە بازاڕیش بە هەزار دینار دەفرۆشرێت، گوتی: نرخی ماسی کارپیش دابەزیووە کە پێشتر بە 10 بۆ 11 هەزار دیناربوو، کەچی ئێستا بە هەشت هەزار دینارە بە ئامادەکردنەوە، ماسی شەبوتیش بە سوورکردنەوە بە 12 هەزار دینارە، بەڵام زۆر کەمە، ڕەنگە ڕۆژانە دانەیەک، یاخوود دوو دانە دەست بکەوێت.

هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، دوایین ڕۆژی قەدەغەی ڕاوەماسیی بوو لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ڕۆژی دواتر ڕاوکردن دوای سێ مانگ لە قەدەغەکردنی بەهەموو جۆرەکانی، دەستیپێکردەوە.

لە هەرێمی کوردستان، 412 پرۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن کە گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن، چوار پرۆژەی حکومییش بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستیی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسی هەیە تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.