میران بەختیار: 91 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆی هەولێر وەرگیراوە
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستا 91 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر لە کۆی 122 هەزار تۆن، وەرگیراوە، دەشڵێت: بڕە گەنمی پارێزگای هەولێر لە 225 هەزار تۆنەوە کەم کراوەتەوە بۆ 122 هەزار تۆن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، ئەو گەنمەی ماوەتەوە، لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەربگرێت، گەنمی جووتیارانی گوێڕ و دیبەگەش لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن سایلۆی هەولێرەوە وەربگیرێت.
بڕیارە ئەمساڵ 122 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر وەربگیرێت، بەراورد بە پار، ئەم ژمارەیە سەدا 50 کەمی کردووە، وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 700 هەزار تۆنەوە کەم کردووەتەوە بۆ نزیکەی 400 هەزار تۆن، ئەم کەمکردنەوەیەش پشکی بەر جووتیارانی تەواوی کوردستان کەوتووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕی گەنمی وەرگیراو لە 225 هەزار تۆنەوە بووەتە 122 هەزار تۆن، تا ئێستاش نزیکەی 91 هەزار تۆن لە جووتیاران وەرگیراوە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆن گەنمیان بۆ دیاریکراوە بۆ بەبازاڕکردن لە کۆی 400 هەزار تۆن گەنمی تەواوی کوردستان، دەڵێت: تاکوو دوێنێ 91 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆی هەولێر لە جووتیاران وەرگیراوە و پرۆسەکە بەردەوامە لەگەڵ ئەوەی لە 15ـی حوزەیرانەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە، 31 تۆنیش ماوەتەوە بۆ ئەوەی وەربگیرێت.
لەبارەی وەرگرتنی گەنمی گوێڕ و دیبەگە، میران بەختیار گوتی: بە هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی گوێڕ دیبەگەیە کە ڕێژەکەی نزیکەی 27 هەزار تۆنە ئەگەر بە ئۆتۆمبێل بپێورێت، بڕە گەنمەکە هەزار و 198 بارهەڵگر دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو بڕە بە تەواوی وەربگرین.
لەبارەی جۆری گەنمەکەش بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: کوالێتی گەنمی ئەمساڵ خراپ نییە سەرباری کەم بارانی، گەنمی پلە یەک زیاترە لە گەنمی پلە دوو، دەڵێت: گەنمی بێ لێبڕین و بێ کێشە نرخەکەی 850 هەزار دینارە، بەپێی پشکنینی تاقیگەییش جۆری گەنمەکە دیاریی دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە نرخی گەنم دادەنرێت.
لەبارەی گەنمی ماوەش، میران بەختیار ئاشکرای کرد، 97 هەزار تۆن گەنمی پار لە سایلۆکان ماونەتەوە و نەیانتوانیووە سایلۆی قوشتەپە بخەنە نێو بەبازاڕکردنەوە لەبەر ئەوەی پڕ لە گەنم بووە، بۆیە بە ناچاری گەنمیان تەنها لە سایلۆی هەولێر وەرگرتووە. بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند: هەرچەند باران کەم بووە، بەڵام بڕی گەنمی ئەمساڵ زۆر زیاترە لەوەی پێشبینی دەکرا.