دووسایدی گۆمەسپان-سماقوڵی کۆتایی ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەتیی هاووڵاتییان

کارو پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازیی و بێ وەستان، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەردەوامن.

ماوەی 7 مانگە کار بۆ دووسایدکردنی ڕێگەی گۆمەسپان-سماقوڵی دەکرێت و تا ئێستا سەدا 70 پرۆژەکە بە درێژیی 22 کیلۆمەتر 

 بە ستانداردی جیهانی و کوالێتی باش جێبەجێ کراوە، بە یەکێ لە ڕێگە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت.

پرۆژەیە 6 ژێر پرد و 3 بەرزە پردی لەخۆگرتووە کە بەرزییەکەی 22 مەترە، پرۆژەکە بەسەرپەرشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.

سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت: سەدا 70ـی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە.

ئەمیر عەبدولخالق، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی کۆمپانیای هێمن گرووپ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەپێناو کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوەکانی هاتوچۆ، هاوکات ئاسانکاریی کردن لە هاتوچۆی نێوان ڕانیە و سلێمانی، ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکرێت لەگەڵ ئەو شارو شارۆچکانەی دەکەونە سەر ڕێگەکە، سوودی زۆر لە پرۆژەکە دەبینن، دەڵێت: پرۆژەکە سێ دانە پرد لە خۆ دەگرێت کە تێکڕای درێژیان 350 مەترە، یەک لە پردەکان 22 مەتر بەرزە و 7 مەتر دەکەوێتە ژێر ئاو.

سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی کۆمپانیای هێمن گرووپ دەڵێت: کارەکانی ئەو پرۆژەیە سەخت بوون، نزیکەی 6 ملیۆن مەتر سێجا کاری بڕینی تێدایە کە زۆرینەی لەناوچەی شاخاوییە، 4 ملیۆن مەتر سێجا پڕکردنەوەش لەخۆ دەگرێت.

پرۆژەکە بە دوو هەزار کرێکار و 600 ئامێری ڕێگەوبان بە دوو شەفت کاری تێدا دەکرێت، دوو سایدە و پانیی هەر سایدێکی 10 مەترە، جووت سایدەکە، ڕێگەکانی هەولێر، گۆمەسپان، سماقوڵی، سەفین، ڕانیە، قەڵادزێ و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە، بە تەواوبوونی، کارئاسانیی زۆر بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی دەیان گوندی سنوورەکەش دەکات.

عەبدولکەریم جەعفەر، هاووڵاتی ناوچەکەیە و دەڵێت: شەقامی ناوچەکەمان زۆر خراپ بوو، لەمپەری زۆری هەبوو بەهۆی هاموشۆی زۆری تانکەرەکان، پرۆژەکە کە لە گۆمەسپانەوە دەستپێدەکات تاکوو کەسنەزان لە هەولێر، بۆ ناوچەکە گرنگیی زۆریی هەیە.

بەختیار عەبدولخالق، هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: پرۆژەکە زۆر بەخێرایی جێبەجێ دەکرێت، لەماوەی کەمتر لە ساڵێک قۆناغی زۆر باشی بڕی و بەشێکی زۆری ڕێگەکان دروستکران، پرۆژەکە کەمی ماوە بۆ تەواوبوون، بەشێکی زۆری شەقامەکە قیرتاویش کراوە، بەشەکەی دیکەش، چەندین ئامێر و کرێکار کاری بەردەوامیی تێدا دەکەن.

پرۆژەکە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسووڕێتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی ڕووبەرێکی فراوان بۆ پرۆژەی گەشتیاریی، تێچووی پرۆژەکە 210 ملیار دینارە.

بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، پرۆژەی ڕێگە و بانی گۆمەسپان-سماقوڵی کارەکانی تەواو بکرێت، بە تەواوبوونی پرۆژەکەش، کارئاسانی زۆر بۆ شوفێران دەکات، بەهۆی بوونی بەنداوی گۆمەسپانیش، ناوچەکە دەکاتە دەڤەرێکی گەشتیاریی سەرنج ڕاکێش.