فازڵ حاجی: دوو هاوسەر هەوڵیاندا کێشەی نێوانیان بە ئۆتۆمبێل یەکلایی بکەنەوە

کێشەی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بووه‌

 K24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، دوو هاوسه‌ر ویستوویانه‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوانیان به‌ ئۆتۆمبێل یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، کاتژمێر 04:30ـی ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 13/9/2020)، له‌سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر – پیرمام و نزیك دەروازەی شاری زێڕین، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی "گێلی و یارس" پێکیاندا دا، جگه‌ له‌ زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانی له‌ رووداوه‌كه‌ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

گوته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌، ده‌ركه‌وت شۆفێره‌كان ژن و مێردی یەکترن و پێشتر کێشەی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بووه‌، رۆژی رووداوه‌كه‌ش کاتێک پیاوەکە بۆ بینینی منداڵه‌كانی چووه‌ته‌ ماڵه‌كه‌، دووباره‌ کێشە لەنێوانیاندا دروست بووە، لە ئەنجامیشدا ئافرەتەکە بۆ ئه‌وه‌ بچێته‌ بنكه‌ی پۆلیس و سكاڵا بنووسێت، لە ماڵ چووه‌ته‌ دەرەوە، پیاوەکەش هەوڵیداوە رایبگرێت به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بۆیه‌ بە ئۆتۆمبێل شكاندوویه‌ته‌وه‌ سەری بۆ راگرتنی. لەئەنجامدا خۆی بەدواوەی لای شوفێری ئۆتۆمبێلی ژنه‌كه‌دا كێشابوو، به‌و هۆیه‌وه‌ ژنه‌كه‌ كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ده‌ستدابوو.

به‌گوێره‌ی گوته‌كانی موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، هه‌ردوولا له‌سه‌ر كێشه‌كانی پێشوویان به‌رده‌وامبوون و شۆفێره‌ ژنه‌كه‌ سه‌ره‌ڕای کێشەکانی پێشووتری، داوای قەرەبووی ئه‌و زیانانه‌شی كردووه‌ کە بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووه‌، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکەش، لە بنکەی پۆلیسی پیرزین سکاڵا تۆمارکرا.