غەززە.. 17 کەس لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆڤایەتییەکان، کوژران

17 هاووڵاتی فەڵەستینی لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا لە غەززە، لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران. دانوستانەکانی دەوحەش بۆ ئاگربەست، کێشەیان تێ کەوتووە.

یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند "دوینێ شەممە، 17هاووڵاتیی فەڵەستینیی دانیشتووی کەرتی غەززە، لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان، بە دەستڕێژی سەربازانی سوپای ئیسرائیل کوژراون."

ڕۆیتەرز لە درێژەی هەواڵەکەیدا، لە زاری پەیامنێرەکەیەوە لە نەخۆشخانەی ناسر، بڵاوی کردووەتەوە "زۆرینەی کوژراوەکان گولـلە بەر سەر و ملیان کەوتووە، لاشەی ئەوانە بە کفنی سپیی خوێناویی پێچراونەتەوە و کەسوکارەکانیان بە دیاریانەوە شیوەن دەکەن."

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "سەربازەکانمان تەنیا تەقەی هۆشدارکردنەوەیان بەسەر ئەو فەڵەستینیانەدا کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکمان دەست نەکەوتووە لەوەی کەسێک بە گولـلەی سەربازەکانمان کوژرابێت."

بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەنجامی تەقەکردنی سوپای ئیسرائیل لەو فەڵەستینیانەی بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی ڕۆژانەیان لەبەردەم ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان، کۆ دەبنەوە، لە ماوەی 6 هەفتەدا 800 کەس کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، دانوستانەکانی دەوحە لە پێناو ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بە هۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، گرفتیان تێ کەوتووە.

 چەند ڕۆژێکە دانوستانی نێوان شاندی قەتەر و ئیسرائیل و حەماس لە دەوحە، بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی هەنگاو بە هەنگاوی بارمتەکان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، دەستی پێ کردووە.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment