تەندرووستی جیھانی لە ئەوروپا: ڤاكسینەكە كۆتایی بە پەتای كۆرۆنا ناھێنێت
ھۆشداری سەبارەت بە مانگی ئۆكتۆبەر دەدات
K24 - ھەولێر:
رێكخراوی تەندرووستی جیھانی ھۆشداریدا لەوەی ڤاكسین؛ پەتای كۆرۆنا لە ناو نابات و ئەوروپا لە مانگی تشرینی یەكەم و دووەم زیادبوونی مردن بە ھۆی "كۆڤید 19" بەخۆیەوە دەبینێت.
ھانز كلۆغ، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندرووستی جیھانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "بەردەوام دەبیستم ڤاكسینەكە كۆتایی بە پەتاكە دێنێت، ھەڵبەت وا نییە! ئێمە تا ئێستا نازانین ئاخۆ ئەو ڤاكسینە یارمەتی ھەموو توێژەكانی تەمەن و ھەموو حاڵەتەكان دەدات. ھەندێك ئاماژە ھەن ئەمە رەتدەكەنەوە. ئهی ئەگەر كارەكە پێویستی بە چەند جۆری دیكەی ڤاكسین ھەبوو؟
گوتیشی: "كارەكان لە تشرینی یەكەم و دووەمدا قورستر دەبن و حاڵەتی زیاتری مردن دەبینین".
دەوڵەتانی ئەوروپایی ئەندام لە رێكخراوی تەندرووستی جیھانی، كە ژمارەیان 55 دەوڵەتە، بە رێگای ئینتەرنێت رۆژانی 14 و 15 ئەیلوول، كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدەن بە مەبەستی رێككەوتن لە سەر ستراتیجییەتێكی 5 ساڵانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
یەكەمجار "كۆڤید 19" لە شاری ووھانی چینی لە كۆتایی ساڵی رابردوو سەریھەڵدا و ھێشتا ھەر بەردەوامە لە وێرانكاری لە جیھاندا.
تاكو ئێستاش بووەتە ھۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 900 ھەزار كەس و زیانێكی گەورەی بە ئابووری جیھان گەیاندووە و بە ملیۆنان كەسی بێكار كردووە.
سەرچاوە: فرانس پرێس