پلەی گەرما لە هەفتەی داهاتوو دادەبەزێت و چاوەڕوانی رێژەیەکی زۆری بارانی پاییزەش مەبن!

فازڵ ئیبراهیم: دیاردەی نینا بە نزیکەی 60٪ زیاتر دەبێت

K24 - هەولێر

هەرچەندە کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ دەستپێکی وەرزی پاییز، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما وردە وردە روو لە دابەزین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت رێژەی بارانی پاییزە کەمبێت.

لە وەرزی هاوین، پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بەندە بەو نزمە پاڵەپەستۆیە هیندییەی بۆ سەر ناوچەکە درێژدەبێتەوە، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ "بەڵام ئەوەی ئەمساڵ جیاواز بوو".

فازڵ ئیبراهیم لە لێدوانیکدا بۆ کوردستان24 ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-9-2020) رایگەیاند "ئەمساڵ لە مانگی ئەیلوولدا پلەکانی گەرما پێنج تاوەکو شەش پلە لەسەرووی تێکڕای ئاسایی خۆیان بوون، ئەمەش بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، کە رێژەی شێ لەوێ زیادیکردووە و لەهەمان کاتدا بارانبارینی پچڕ پچڕ هەبووە".

هەرچەندە دوێنێ پلەی گەرما 41 بوو، بەڵام رێژەی بێزاری بەو گەرمایە زیاتر بوو بەراورد بە مانگی ئاب، کە رۆژانە پلەی گەرما لەو مانگەدا لەسەرووی 45 بوو! بەگوتەی بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان "هۆکاری ئەو بێزارییەش لەو گەرمایە، دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی رادەی شێ لە هەوادا".

فازڵ ئیبراهیم مژدەی نزمبوونەوە پلەی گەرما دەدات و، دەڵێ "بەپێی ئەو خشتانەی لەبەردەستن، پێشبینی دەکرێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام بێت، بەڵام لە رۆژی شەممەوە بە دوو تاوەکو سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت، واتا دێتە ژێر 40 پلەی سیلیزی". هەروەها دەڵێ "دەتوانین بڵێین ئەوکاتە سەرەتایەک دەبێت بۆ دەرکەوتنی وەرزی پاییز لە ناوچەکە".

 

 

"بارانی پاییزە کەمدەبێت"

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی پێشبینی دوورمەودا دەکات بۆ وەرزی بارانبارین لە سەرتاسەری گۆی زەوی. لە نوێترین راپۆرتیشیدا دەڵێ: پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە مانگەکانی 9، 10 و 11 بە نزیکەی 60٪ دیاردەی نینا زیاتر بێت.

بەڵام ئایا دیاردەی نینا چۆن کاریگەری لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەکات! فازڵ ئیبراهیم روونی دەکاتەوە و دەڵێ: "هەرکاتێک دیاردەی نینا زیاد دەکات، دەتوانین بڵێین لە رووی ئاو و هەوا زۆر دڵخۆشکەر نابێت، بەهۆی ئەوەی دەبێتە کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین بەتایبەت لەو وڵاتانەی دەکەونە رۆژهەڵاتی حەوزی دەریای ناوەڕاستەوە (هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە)، کە رێژەی بارانبارینیان کەمتر دەبێت، بەپێچەوانەوە وڵاتانی رۆژئاوای وڵاتانی عەرەبی وەکو: تونس، جەزائیر، مەغریب و میسر، لەگەڵ زیادبوونی دیاردەی نینا، بارانبارینی بەخوڕ تێیاندا زیاد دەبێت".

 

هـ.ر.