دوا وادە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دیاری کرا
ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سێ سەرچاوە بڵاوی کردەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆتایی مانگی ئاب وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دیاری بکەن.
ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر تا ئەم وادەیە ڕێککەوتنێک نەکرێت، ئەوا سێ زلهێزی ئەورووپا بەنیازن میکانیزمی "سناپباک" چالاک بکەن، کە هەموو سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێنێتەوە، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران هەڵگیرابوون.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، ئامانجی گفتوگۆی ڕوبیۆ لەگەڵ هاوتا ئەورووپیەکانی، هەماهەنگی هەڵوێستەکان بوو لەسەر کاراکردنی میکانیزمی سناپباک و ڕێککەوتن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو لە هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
دوو سەرچاوە ڕایانگەیاندووە، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەم نزیکانە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بکەنەوە بۆ درێژکردنەوەی میکانیزمی سناپباک لە دوای ئۆکتۆبەر و ڕێگریکردن لە سەپاندنەوەی سزاکان، لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئێران .
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە هەنگاوە ئەگەرییەکانی ئێران، دەستپێکردنەوەی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە بۆ شوێنەکانی ئێران، دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران و بۆردومانکردنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن واشنتنەوە ڕاگیرا.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا زۆر بێزارە لەوەی ئێرانییەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر مێزی دانوستان.
ئەمەریکا و سێ زلهێزی ئەورووپا، میکانیزمی سناپباک وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر ئێران بۆ ڕازیبوون بە ڕێککەوتنێک دەڕوانن.
ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "ناگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی "تا پێشوەختە دەرئەنجامەکانیان پشتڕاست نەکرێتەوە".
لای خۆشییەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە" بۆ کۆبوونەوەی نێوان عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
عراقچی و ویتکۆف لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا پێنج خولی دانوستانیان کردووە و ئەوەش پێش ئەوەی ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێبکات و شەڕێکی 12 ڕۆژەی لێکەوتەوە.