ئەحمەد شەرع: درووزەکان بەشێکی دانەبڕاون لە پەیکەری سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە، درووزەکان بەشێکی دانەبڕاون لە پەیکی سووریا و پاراستنی ماف و ئازادییەکانیان لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە.
ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا نابێتە شوێنێک بۆ دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و ناتەبایی لە نێوان گەلەکەیدا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، دوابەدوای ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند "دەوڵەتی سووریا بە ئیرادەیەکی تەواوەوە دەستوەردانی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە سوەیدا ڕووی دا".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە گەلی درووزمان دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ماف و ئازادییەکانتان لە پێشینەی کارە، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی ئێوە بۆ دەستی لایەنێکی دەرەکی ڕەتدەکەینەوە".
لە وتارەکەیدا شەرع گوتیشی: ئەم وتارە تەرخان دەکەم بۆ گەلی درووزەکەمان کە بەشێکی دانەبڕاون لە پەیکەری ئەم نەتەوەیە، سووریا هەرگیز نابێتە شوێنێک بۆ دابەشبوون، پارچەپارچەبوون، یان دروست بوونی ناتەبایی لە نێوان گەلەکەیدا، دڵنیاتان دەکەینەوە، پاراستنی ماف و ئازادیتان یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی ئێمە، هەروەها هەر هەوڵێک ڕەتدەکەینەوە کە ئامانج لێی ڕاکێشانی ئێوە بۆ لایەنێکی دەرەکی یان دروستکردن بێت و دابەشبوون لەناو ڕیزەکانماندا هەموومان هاوبەشین لەم خاکەدا، و ڕێگە بە هیچ گرووپێک نادەین ئەم وێنە جوانە بشێوێنێت کە گوزارشت لە سووریا و هەمەجۆرییەکانی دەکات".
سەرۆک کۆماری سووریا گوتی: ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل، یان چاکسازی لە بەرەی ناوخۆماندا، گوتیشی: ئێمە کەسانێک نین لە شەڕ بترسین، ئێمە ژیانمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگاری و بەرگریکردن لە گەلەکەمان بەسەر بردووە، بەڵام بەرژەوەندیی سووریاییەکانمان خستۆتە بەردەم پێش هەموو شتێکەوە.
ڕایگەیاند "لایەنە ناوخۆییەکان و پیاوماقوڵانی حیکمەت ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سوەیدایان پێ سپێردراوە".
ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەمموزی 2025، لە پارێزگای سوەیدا لەباشووری سووریا، شەڕ لەنێوان درووزەكان و چەكداری هۆزی ناوچەكەدا روویدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.