ئیسرائیل هاوکاریی پزیشکی گەیاندە سوەیدا

پەخشی 'کان' بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە پارێزگای سوەیدای سووریا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاگربەستی نێوان هۆزە چەکدارەکانی بەدەوی و لایەنە چەکدارەکانی درووز لە پارێزگاکە.

تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە "ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا لە شەوێکدا هاوکاریی مرۆیی و کەرەستەی پزیشکی گەیاندە پارێزگای سوەیدای سووریا کە زۆرینەی درووزەکانە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەخشی گشتیی ئیسرائیل 'کان'، ئیسرائیل هەماهەنگی گەیاندنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا کردووە، کە لە بەرامبەردا لەگەڵ حکوومەتی سووریا هەماهەنگی کردووە.

 موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستیی سووریا ڕایگەیاند، "ئەم هاوکارییەی ئیسرائیل دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە شێخ حیکمەت هیجری، سەرۆکی بزووتنەوەی یەکگرتوویی درووزەکان لە ڕێگەی شاندێکی حکوومەتی سووریاوە هاتنە ناوەوەی هاوکاریی هاوشێوە لە ڕێگەی شاندێکی حکوومەتی سووریاوە ڕەتکردەوە."

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی سووریا دووپاتی کردەوە حیکمەت هیجری، تەنیا ڕێگەی بە هاتنە ژوورەوەی هاوکارییەکانی مانگی سووری عەرەبی سووریا داوە، هاوکات ئەو کاروانانەی لەگەڵ شاندی حکوومەت گەیشتوونەتە دیمەشق. 

لای خۆیەوە عومەر مالیکی، بەرپرسی مانگی سوور ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی دوێنێ یەکشەممە چووەتە ناو شاری باشووری سووریا، ئاماژەی بەوەش کرد، کاروانی دیکەش بەدوایدا دێن.

دەشڵێت: کاروانەکە "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی حکوومەت و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان لە شاری سوەیدا لە ژێر کۆنترۆڵی درووزەکاندایە" هاتووە.