عێراق تا ئێستا کات و بڕی پێدانی پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستانی دیاری نەکردووە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق تا ئێستا کات و بڕی پێدانی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دیاری نەکردووە.
ئەمرۆ دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی گەنمی جووتیارانی کوردستان نە ناردووە و تا ئێستاش دیار نییە، ئەو بڕەی دەینێرێت چەندە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "لەبەر ئەوەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، زووتر گەنم لە جووتیاران وەرگیرا ئەوان تا ئێستا بە سێ قۆناغ پارەیان وەرگرتووە بۆ هەر قۆناغێکیش 500 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای حوزەیران گەنم لە جووتیاران وەرگیرا، بۆیە بڕیارە بەم نزیکانە لە قۆناغێ چوارەم پارەی گەنمی جووتیارانی ئێمە بنێرن، هەرچەندە دیاری نەکراوە لە چ کاتێک دەینێرن و ئەو بڕەشی دەینێرن چەندە."
10ـی حوزەیرانی 2025، دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیارانی هەرێم بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرایەوە.
ئەمساڵ سایلۆ نوێیەکان هاوشان لەگەڵ سایلۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، گەنمیان، وەک قوشتەپە، گەرمیان و ڕوڤیا، وەرگرت.
بۆ ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەرگیرا، بەپێی ئەو پلانەی حکوومەتی عێراق دیاری کردبوو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنیا 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە و کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.