لە یەمەنەوە مووشەکێک ئاراستەی ئیسرائیل کرا

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سوپا بۆسەر بەندەری حودەیدە، لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە، مووشەکێکیان ئاراستە کراوە.

سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاند، "ڕێگریمان لە مووشەکەکان کرد و زەنگی ئاگادارکەرەوەش لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، لێدرا."

لای خۆیەوە یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا پشتراستی کردەوە، بە پێنج درۆن هێرشییان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل.

گوتەبێژی حووسییەکان ڕاشیگەیاند، "ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر بریتین لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و بەندەری ئیلات و فڕۆکەخانەی ڕامۆن و ئامانجەکانی دیکەی ناوچەکانی یافا و ئەشدۆد."

گوتیشی: "هێرشەکە لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل دێت کە دوێنێ دووشەممە، کردیە سەر بەندەری حودەیدە و چەند شوێنێکی ئەو ناوچەیە.

لای خۆیەوە ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ژێرخانی سەربازیی حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە بۆمباران کردووە، گوتیشی: ئامانجەکانی هێرشەکە بریتی بوون لە کەرەستەی ئەندازیاری کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بەندەرەکە بەکارهێنراون، کۆنتێنەری سووتەمەنی، کەشتییە دەریاییەکان کە لە چالاکییە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێن و ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، کەشتیەکانی دیکە لە ناوچەی دەریایی نزیک بەندەرەکە، جگە لەو ژێرخانانەی کە لەلایەن حووسییەکان بەکاردەهێنرێت لەناوبران.

سوپای ئیسرائیل ڕوونی کردەوە، ئەو بەندەرە لە نێوان کەلوپەلەکانی دیکەدا بۆ گواستنەوەی چەک لە ئێرانەوە بەکارهێنرا، دواتر لەلایەن حووسییەکانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی قۆستراوەتەوە. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئامانجانەی لێیان دراوە نیشاندەری ئەوەیە کە حوسییەکان چۆن دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی و هێرشبەری بەکاردەهێنن. سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هەنگاوە یەکلاکەرەوەکان بەرامبەر بە هێرشە دووبارەبووەکانی حووسییەکان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئیسرائیل، هەروەها بەردەوام دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیل، لە هەر شوێنێک پێویست بێت.