حکوومەتی غەززە، سەرکۆنەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی دەکات

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ڕایگەیاند: ژمارەی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکانی کەرتی غەززە بۆ 231 کەس بەرز بووەوە.
چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ هەردوو ڕۆژنامەنووس تامر زاعانین و وەلا جەعبەری، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژران.
نووسینگەکە باسی لەوە کرد، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئێستا، 231 ڕۆژنامەنووس لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی غەززە سەرکۆنەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی کرد، هاوکات داوای لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانیش کرد، سەرکۆنەی ئەو تاوانانە بکەن.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، 1219 کەس کوژران، لەبەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی چڕی کردە سەر غەززە و خانوو باڵەخانەیەکی زۆری ئەو شارەی خاپوور کرد و زیاتر لە 56 هەزار و 77 کەسیش کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن کوژران.