ئیتاڵییەکان بڕیار لەبارەی ژمارەی کورسی پەرلەمانەکەیان دەدەن
دەنگی لەسەر دەدەن

K24- ئەوروپا:
جگە لە هەڵبژاردن بۆ نوێکردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، ئەمڕۆ ریفراندۆم بۆ گۆڕینی ماددەكانی 56، 57 و 59 لە دەستووری ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئهندامانی پەرلەمانی ئیتاڵیا و سێناتی ئیتاڵی بە رێژەی لە %36.5 واتا لە 630 پەلەمانتارەوە بۆ 400 پەرلەمانتار و ژمارەی سێناتۆرەکانیش لە 315 بۆ 200 سێناتۆر.
دەنگدان لە کاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆوە تا 11ی شەو بەردەوام دەبێت و دووشەممەش لە کاتژمێر 7ی بەیانیەوە دەست پێدەکات و 3ی پاش نیوەڕۆ کۆتایی دێت. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هەموو رێنماییەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆڤید 19.
لەسەر فۆرمی دەنگدان پێویستە هەموو کەس کە مافی دەنگدانی هەیە و بەشداری ریفراندۆم دەکات بە بەڵێ یاخود نەخێر، رای خۆی لەسەر بڕیاری پێشنیازکراو بدات.
ئەگەر دەنگی بەڵێ لە ریفراندۆم سەربکەوێت، چی دەگۆڕدرێت؟ جگە لە کەمکردنەوەی ژمارەی سێنات لە 315 بۆ 200 سێناتۆر، ئەو کەسانەی دەبنە سیناتۆر دەکرێت بگۆڕدرێن. جگە لەوەش ژمارەی ئەو پەرلەمانتەرانەش، کە ژمارەیان 12 پەرلەمانتارەو لەلایەن دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات دەبنە نوێنەر و پەرلەمانتار دەبێتە 8 و ژمارەی سێناتۆرەکانیش لە 6 کەسەوە دەبێتە 4 کەس.
پێشنیازی کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران و سێناتۆرەکان لەدەستپێشخەریەکی سیمبۆلیکی جوڵانەوەی 5 ئەستێرە وە دێت، بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکانی وڵات و پەرلەمان و سێنات، کە بە لەبەرچاوگرتنی وڵاتانی تری ئەوروپا و رێژەی دانیشتوان زیاترن و ساڵانە بەو کەمکردنەوەیە 100 ملیۆن یۆرۆ دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
کەمبوونەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانیش هۆکارێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو باسە درێژخایەن و بێ سودانەی بە هۆی زۆری پەرلەمانتارانەوە لە پەرلەمان دەکرێت و لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆکاری پەکخستنی هەندێک بڕیاریش کە پێویستە بدرێن و وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئەم ریفراندۆمە، پارتەکانی ئیتاڵیای دابەشکردووە و لەناو هەر پارتێکیشدا دیسان دابەشبوون هەیە بەسەر بەڵێ و نەخێردا. کۆمیتەی نەخێر دەڵێن دەبێت وەک ئێستە بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی کەمکردنەوەی ژمارەکان ئەو بڕەی بۆ خەزێنە دەگەڕێندرێتەوە کەمترە لە 100 ملیۆن یۆرۆ و هەندێکیشیان داوادەکەن بە نەخێر دەنگ بدرێت لەبەر ئەوەی کێشەی سیاسەتکردن لە ئیتالیا تەنها چارەسەریەکەی لە کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتار و سێناتۆرەکاندا نییە بەڵکو دەبێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
دەبوو ریفراندۆمەکە له 29ی ئاداری 2020 ئهنجام بدرێت، بهڵام بههۆی بڵاوبوونهوهی پهتای كۆرۆنا دواخرا.لەساڵی 1946 وە تا ئێستا، 72 ریفراندۆمی نیشتمانی له ئیتاڵیا ئەنجامدراوە، یەکەم ریفراندۆم لە 2ی حوزەیرانی ساڵی 1946 بوو، بۆ گۆڕینی سیستهمی حكومڕانی ئیتاڵیا له پادشایی بۆ كۆماری، كه 89.1%ی ئیتاڵییهكان بهشدارییان تێدا كرد و ئهنجامهكهشی 54.3%ی بهڵێ بوو بۆ گۆڕینی سیستهمهكه.
H.J