سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ "موژدە"ـیەک بە خەڵکەکەی دەدات

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، زاخۆ پاکترین شارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. موژدەیەکیش بە خەڵکەکەی دەدات و دەڵێت: بەمزووانە دوو پارکی گەورە دروست دەکەین، یەکێکیان لەسەر ئاستی وڵاتەکە، گەورەترینە. 

 

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی "هەنگاوێک بەرەو شارێکی سەوز"

لە دوێنێ دووشەممەوە، 28ـی تەممووزی 2025، کۆنفرانسی "هەنگاوێک بەرەو شارێکی سەوز" بە هەماهەنگی لە نێوان ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دامەزراوەی کوردستان (کوردستان فاوندەیشن) دەستیپێکردووە. ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە، پاراستنی ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوازیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، کۆتایی دێت. 

 لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە، ڕاهێنان بە 40 گەنج کرا لەسەر چۆنییەتی زیادکردن و پاراستنی ئەو سەوزاییەی لەو سنوورە هەیە. ئەمڕۆش، ژمارەیەک پانێل بە بەشداریی چەندان مامۆستای زانکۆ و گەنجی دەڤەرەکە بەڕێوە دەچن و تاوتوێی زیادکردنی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی شارەکە دەکەن.

بایەخدانی حکوومەت بە ژینگە و سەوزایی

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند "لەو کاتەوەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنراوە، شۆڕشێکی گشتگیر لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دەستیپێکردووە؛ بە تایبەت لە بواری پاراستنی ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی."

سەرپەرشتی ئیدارەکە باسی لەوەش کرد، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخدان بووە بە ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، لەو چوارچێوەیەدا هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و باخچەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراونەتەوە، کە لە لایەن ژمارەیەک کاردی شارەزا و پسپۆڕانی بواری ژینگەوە بەڕێوەدەبرێن.

وەکوو ئەوەی گوهدار شێخۆ ئاماژەی پێ دا "بەر لە دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆ، زۆرینەی باخچە و دارەکان بە شێوەیەکی هەڵە لە سنووری زاخۆ دروست دەکران و دەچێنران، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا لەنێوبچن و وشک ببن؛ بەڵام دواتر ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی نوێمان بۆ ئەو مەبەستە گرتەبەر و ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم، لەو ڕووەوە پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ."

"زاخۆ پاکترین شارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان"

بە گوتەی گوهدار شێخۆ "زاخۆ پاکترین شارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششی بەردەوامی هەموو بڕیاربەدەستدان؛ خەڵکی دڵسۆز و مامۆستایانی ئایینی ئیدارە سەربەخۆوەکەمان کە بە ڕاستی شۆڕشێک دەستپێکرا و بە خەڵک گوترا، ئیدی بەسە، پێویستە ژینگەی خۆمان بپارێزین."

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین دار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چێندراون؛ هەر ئەمەشە وایکردووە ڕێژەی سەوزایی بە شێوەیەکی بەرچاو لە سنوورەکەمان زیاد بکات و ژینگەش پاک ببێتەوە."

گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوەش دا "ئەوەی زۆر شانازی پێوە دەکەین، هەر کەسێک یان گەشتیارێک کە دێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەگەر بیەوێت ژینگە پیس بکات، خەڵکی خۆمان هۆشیاریی پاراستنی ژینگەیان هەیە و ڕێگریی لێ دەکەن."

دوو پارکی گەورە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێن

سەرپەشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە گوتارەکەیدا "موژدە"ـیەکی بە خەڵکی ناوچەکە دا و باسی لەوە کرد "بڕیارمان داوە دوو پارکی گەورە بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و ڕاكێشانی گەشتیاران دروست بکەین؛ یەکێکیان ڕووبەڕەکەی نزیکەی هەزار دۆنم زەوییە و دەبێتە گەورەترین پارک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان."

لەبارەی پارکەکەی دیکەش، گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە دا " شوێنی پیشەسازیی کۆنی زاخۆ دەکرێتە پارک کە ڕووبەڕەکەی نزیکەی 400 دۆنم زەوییە؛ ئێستا کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکرێت و چەندان پرۆژەی دیکەش لە بەرنامەماندا هەن بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەکەمان."

سەرپەشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتیشی "بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان، بڕیارمان داوە هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکرێت، پێویستە بایەخەکی تایبەت بە ڕێژەی سەوزایی لە نێو پرۆژەکەدا بدرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێت."

دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.

ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن. لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە  لە 290 ملیار دینار، نزیکەی 300 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون. 

دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات  16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون .