هۆکارێکی دیکەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکرێت

چی جۆرە کەسێک ئەگەری مردنی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە؟

K24- هەولێر:

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوو قەیران دروست بوون، یەکێکیان قەیرانی تەندروستییە، ئەو دیکەیان قەیرانی تەندروستی دەروونییە.

بەگوێرەی دواین توێژینەوە کە لە گۆڤاری نەیچەر ئیمیونۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە، گەردێکی بەرگری لەش بە ناوی ئای ئێڵ 17، پەیوەندی نێوان سیستمی بەرگری و بیرکردنەوە و هەستەکان دروست دەکات.

کالیل ئالڤێس دێ لیما، بەڕێوەبەری توێژینەوەکە لە زانکۆی واشنتن دەڵێت، کۆرۆنا لەو کەسانەی تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بوون باشتر کارەکانی خۆی دەکات.

ئای ئێڵ 17 بەشێکە لە سایتۆکین، ئەو گەردەیە کە بەرپرسە لە وەڵامی بەرگری لەش بۆ هەوکردن و نەخۆشی. ئەو کەسانەی بەهۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ئەمجۆرە گەردەیان تێدا زۆر دەبێت، ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا زیاترە.

پسپۆڕان دووپات لەوە دەکەنەوە، باری دەروونی کەسەکان، کاریگەری تەواو لەسەر جەنگی لەشی مرۆڤ دژی نەخۆشی و ڤایرۆسەکان دادەنێت، تەنانەت کاریگەری لەسەر چالاکی مێشک و چۆنیەتی وەڵام دانەوەی نەخۆشییەکان هەیە.

دووپاتیشی دەکەنەوە، چۆن لە رێگای خواردن هەوڵی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریمان دەدەین، دەبێت بەوجۆرەش، هەوڵی بەهێزکردنی دەروونمان دژی هەر نەخۆشییەک بدەین.

تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان گیانیان لەدەستداوە.