تورکیا لە ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکەی نەوتدا داوایەک لە عێراق دەکات

سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی داوا دەکات ڕێککەوتنە نوێیە پێشنیازکراوەکە لەگەڵ عێراق دەبێت میکانیزمی دڵنیابوون لە بەکارهێنانی تەواوەتی بۆری نەوتی کەرکووک-جەیهان لەخۆ بگرێت.

ئاڵپارسلان بایراکتار دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا گوتی: "بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان توانای نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە کاتی کارکردنیدا بە تەواو بەکارنەهێنراوە."

بایراکتار، ئاماژەی بەوەش دا، تورکیا داوای لە عێراق کردووە، دەبێت لە ڕێککەوتنە نوێیە پێشنیازکراوەکە دڵنیایی لە بەکارهێنانی تەواوەتی بۆری نەوتی کەرکووک-جەیهان بدات.

هەناردەی نەوت لە بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان لە ساڵی 2023ەوە ناچالاک بووە، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق لە فەرەنسا سکاڵای تۆمار کردبوو، دواتر دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری دا تورکیا یەک ملیار و نیو دۆلار بداتە بەغدا.

هەروەها لەبارەی تەواو بوونی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا کە لەساڵی 1973 واژۆکراوە، ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە لە مانگی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت، عێراقیش پێشنیازی درێژکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە دەکات بۆ ئەوەی نەوت لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.

 

 
Fly Erbil Advertisment