سەفین تاهیر: تووندوتیژی دژی خانمان کەمی کردووە

سەفین تاهیر محەممەدەمین
سەفین تاهیر محەممەدەمین

بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خێزانی لە ڕێگەی ناوەندەکانی خوێندن و مینبەری مزگەوتەکانەوە کاریگەریی کردووەتە سەر هۆشیاری کۆمەڵگەیی و وایکردووە، ساڵ دوای ساڵ، حاڵەتەکانی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کێشە خێزانییەکان کەمتر و کاڵتر ببنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، سەفین تاهیر محەممەدەمین، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان و خێزان لە هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا 307 سکاڵای تووندوتیژی دژی ژنان تۆمار کرابوو، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 268 سکاڵا تۆمار کراوە، واتە ڕێژەی تۆمارکردنی سکاڵا و حاڵەتەکانی تووندوتیژی، لە سنووری هەولێر و دەوروبەری، نزیکەی 13% کەمی کردووە."

سەفین تاهیر محەممەدەمین گوتیشی "سکاڵاکان زیاتر بابەتی (لێدان، هەڕەشە و سووکایەتی، ناپاکیی هاوسەرگیری و گومانە لە شێوازی بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندییەکان) کە ڕاستەوخۆ کەسی سکاڵالێکراو دەدرێتە دادگا و لێپرسینەوەی یاسای لێ دەکرێت."

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، جگە لە ئافرەتان، ژمارەیەک لە پیاوانیش سکاڵا دژی ئافرەتان تۆمار دەکەن و زیاتری سکاڵاکانیان ناپاکیی هاوسەرگیرییە و نایانەوێت وەک جاران پەنا بۆ دابوونەریتی کۆن بەرن، بەڵکوو بە تۆمارکردنی سکاڵا، کار بۆ چارەکردنی کێشەکانیان دەکەن.

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان و خێزان لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو "لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی، ئافرەتەکە لە یەکێک لە شوێنە تایبەتەکانی داڵدەدانی هەڕەشەلێکراوەکان، دەهێڵینەوە تاوەکوو بەدواداچوون دەکرێت، ئەگەر تاوانبار بوو دەدرێتە دادگا و ئەگەر هیچ تاوانێکی نەبوو، دەدرێتەوە دەستی خێزانەکەی."

سەفین تاهیر محەممەدەمین هەروەها ڕایگەیاند، کەمبوونەوەی سکاڵاکان بەشێوەیەکی بەرچاو، دەگەڕێتەوە بۆ کارکردنی بەردەوامی نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لە ڕێگەی خوێندن و مینبەرەکان و بڵاوکردنەوەی پەیامە تایبەتەکان، بۆ ئەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان نەکرێت.