ترەمپ: هاوکارییەکانمان ناگاتە غەززە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئابی 2025، لەبارەی ڕووداوەکانی کەرتی غەززە لێدوانی دا و بە کارەساتبار و شەرمەزاری ناوی برد، هاوکات پێشنیازی هەندێک گومانی دزینی هاوکارییەکانیشی کرد.

ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی خەڵک خۆراکیان هەیە"، ڕوونیشیکردەوە واشنتن دوو هەفتە لەمەوبەر 60 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکارییەکان لە غەززە دابینکردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبینیوە لەو هاوکارییانەی کە لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکاوە پێشکەشی کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارە خەرج دەکات "بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن خواردنیان هەبێت".

ئەم لێدوانەی ترەمپ پێش هاتنی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ غەززە بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنی هاوکارییە مرۆییەکان بوو.

کارۆلاین لیڤت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ویتکۆف و مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل "گەشت دەکەن بۆ غەززە بۆ پشکنینی شوێنەکانی دابەشکردنی خۆراک" و "پلانێک بۆ گەیاندنی خۆراکی زیاتر" بۆ دانیشتوانی کەرتەکە، کە بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی "برسییەتی تەواو" بوونەتەوە.