ئێران تۆمەتەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ڕەتدەکاتەوە

ئێران ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئابی 2025،  تۆمەتەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "تیرۆر و ڕفاندن" لە دەرەوەی وڵات بە ئامانجگرتنی ناڕازی و ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسان ڕەتکردەوە و بە "بێ بنەما" وەسفی کرد. 

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم تۆمەتانە "هەوڵێکە بۆ لادانی سەرنجی خەڵک لە بابەتی سەرەکی کە لەبەردەستدایە، ئەویش کۆمەڵکوژیی فەڵەستینە "، بە ئاماژەدان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە.

بەقایی ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ئەمەریکا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە بەیاننامەی دژە ئێرانیان واژۆ کردووە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەبەرامبەر پشتیوانی و ئامێزگرتنیان لە ئیسرائیل کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت و پشتیوانی لە تیرۆر دەکات.

تۆمەتەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان سیاسەتی "تیرۆر و ڕفاندن"، مەبەستیان موجاهدینی خەلق (MEK) کە پێشتر لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکرابوو، بەڵام ئێستا بە ئازادی لە ڕۆژئاوادا کاردەکەن.

بەریتانیا و 13 وڵاتی هاوپەیمان لەوان ئەمەریکا و فەڕەنسا، پەرەسەندنی پیلانەکانی تیرۆر و ڕفاندن و زیان گەیاندن لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە لە دژی تاکەکانی ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور داڕێژراوە مەحکووم کرد.

ئەو وڵاتانە ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ئێمە یەکگرتووین لە دژایەتیمان لەگەڵ هەوڵەکانی دەزگای هەواڵگری ئێران بۆ کوشتن و ڕفاندن و زیانگەیاندن بە تاکەکان لە ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی سەروەریمانە.

حکوومەتەکانی ئەلبانیا، نەمسا، بەلجیکا، کەنەدا، کۆماری چیک، دانیمارک، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، سوید، شانشینی یەکگرتوو و ئەمەریکا، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد دەستبەجێ ئەو جۆرە کارە نایاساییانە ڕابگرن.

ئەو وڵاتانە ئاماژەیان بەوەش کرد، تادێت ئەم کردەوانە بە هاوکاریی لەگەڵ تۆڕە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدەدرێن.