ئەمەریکا.. دادوەرێکی فیدراڵی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی سێ وڵاتی ڕاگرت

دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی هیندۆراس و نیپاڵ و نیکاراگوای ڕاگرت، کە پاراستنی یاساییان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە هەڵوەشاوەتەوە.
دادوەر ترینا تۆمپسۆن لە بڕیارێکی 37 لاپەڕەیدا گوتی: "ئازادی ژیان بەبێ ترس و دەرفەتی چێژوەرگرتن لە ئازادی و خەونی بە ئەمەریکی بوون، تەنیا شتێکە کە داواکاران داوای دەکەن."
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کۆچبەرانە داوایان لێدەکرێت بەهۆی ناو و ڕەگەزەوە دەبێت دیپۆرت بکرێننەوە، دادگا لەگەڵ ئەوەدا نییە.
تۆمپسۆن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی بۆ کۆچبەرانی هیندۆراس و نیپاڵ و نیکاراگوا هەڵپەسارد تا لە 18ـی ئەم مانگەدا دانیشتنێک ئەنجام بدرێت.
دادوەرەکە بڕیاریدا کە کۆتاییهێنان بە پاراستنی کاتی دەبێت لەسەر بنەمای پشتبەستن بە بڕیارێکی پێشوەختەی دیاریکراو بێت، نەک لەسەر بنەمای پێداچوونەوەی بابەتیانە بە مەرجەکانی وڵاتەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕەنگە ئەو بڕیارە بەهۆی "دوژمنایەتی ڕەگەزپەرستیەوە"ەوە بووبێت، بە ئاماژەدان بە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا کە گوتبووی کۆچبەران "خوێنی وڵاتەکەمان ژەهراوی دەکەن".
دادوەر تۆمپسۆن دووپاتیکردەوە کە "ڕەنگ نە ژەهرە و نە تاوانە".
مانگی ڕابردوو ئیدارەی ترەمپ پاراستنی کاتیی زیاتر لە 51 هەزار هاووڵاتی هیندۆراس و سێ هەزار نیکاراگوای هەڵوەشاندەوە، کە دوای ڕوودانی زریانی میچ لە ساڵی 1998دا، کە وڵاتانی ئەمەریکای ناوەڕاستی گرتبووەوە، هاتبوونە ئەمەریکا.
کیرستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا پاساوی بۆ ئەوە هێنایەوە و ڕایگەیاند، دۆخی ئەو وڵاتانە بە ڕادەیەک باشتر بووە کە هاووڵاتیانیان دەتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە.
کیرستی نۆیم، دەشڵێت: "پێگەی پاراستنی کاتی بە شێوەیەک داڕێژراوە کە تەنیا کاتیی بێت".
ئەمەریکا، پاراستنی کاتی بەو هاووڵاتییە بیانییانە دەدات کە ناتوانن بەهۆی شەڕ، کارەساتی سروشتی، یان دۆخی نائاسایی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
هەروەها ئیدارەی ترەمپ پاراستنی کاتیی بۆ ملیۆنان ئەفغانی، کامیرۆنی، هایتی و ڤەنزوێلی هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئەم هەنگاوانەش ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی دەبنەوە.
ترەمپ بەڵێنیدا گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمەریکادا جێبەجێ بکات و کۆچبەران بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین سنووردار بکات.