منبج.. شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و هەسەدە ڕووی دا

وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند، هەسەدە لە گوندەواری منبج هێرشی کردووەتە سەرمان و بەهۆیەوە چوار سەربازی سوپا و سێ هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا)، بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی ڕایگەیاند، "هێزەکانی هەسەدە بەشێویەکی نابەرپرسانە بە هێرشی مووشەکیی ماڵی دانیشتوانی گوندی کەیارییە و گوندەواری مەنبەجیان کردە ئامانج، بەو هۆیەوە چوار سەربازی سوپا و سێ هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون.
لای خۆیەوە ناوەندیی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە وەڵامدا دەڵێت: ئەوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا دەیڵێت، ڕاست نییە، بەرگریی سووریا بەردەوامە لە دروستکردنی گرژی بۆ ناوچەی دێر حافر، هەروەها گرووپە کۆنترۆڵ نەکراوەکان، 10 مووشەکیان ئاڕاستەی خەڵکی مەدەنی کردووە، ئێمەش مافی خۆمانە بەرگریی لەخۆمان بکەین.
هەروەها ناوەندیی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ڕاشیگەیاند، داوا لە حکوومەتی سووریا دەکەین، کۆنترۆڵی گرووپەچەکدارەکان بکات و ڕێز لە سەقامگریی ناوچەکەش بگرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'، لە 10ـی ئاداردا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، لە بڕگەی یەکەمدا گەرەنتیکردنی مافی هەموو سووریاییەکان بۆ نوێنەرایەتیکردن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان هەیە، بەبێ گوێدانە پێشینەی ئایینی یان نەتەوەیییان.
لە بڕگەی دووەمدا هاتووە؛ پێکهاتەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ناو دەوڵەتی سووریایە، دەوڵەتی سووریا مافی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی زامن دەکات.
بڕگەی سێیەم دیارترینیان بوو، ئاگربەستی لە سەرانسەری هەموو خاکی سووریادا دیاریکرد، لە بڕگەی چوارەمدا یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
هەروەها ئەم ڕێکەوتنە بڕگەگەلێکی لەخۆگرتبوو کە گەرەنتی گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوورییەکان بۆ زێدی خۆیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە دەکرد.