هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمیکردووە
ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردوودا کەمیکردووە.
یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، ئیدارەی وزەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە نۆ وڵات، گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 368 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 17 هەزار بەرمیل زیادیکردووە."
وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بە تێکڕا 214 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر ڕۆژانە 59 هەزار بەرمیل کەمیکردووە، چونکە لە هەفتەی پێشووتر عێراق ڕۆژانە 273 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمەریکا کردووە."
باسی لەوەش کردووە، "زۆرترین هاوردەی نەوتی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بوو، بە ڕێژەی 4.089 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش نەیجیریا دێت، بە تێکڕای 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، سعوودیە بە تێکڕای 223 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا پلەی سێیەمی گرتووە و مەکسیکیش بە تێکڕای 172 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە پلەی چوارەم دێت."
بەگوێرەی خشتەکە "هاوردەی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە کۆڵۆمبیا 165 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لە ئیکوادۆرەوە 98 هەزار بەرمیل و لیبیا 87 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، بەرازیلیش 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەناردە کردووە."
