ناتانیاهۆ و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر پلانی غەززە ناکۆکن
لە ئیسرائیل چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی کابینەی حکوومەتە، کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوە دەچێت، بڕیارە ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل تێچووی شەڕی غەززە بخاتە بەردەم کابینەکە.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، سەرچاوە ئاگادارەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، زەمیر ڕەتیدەکاتەوە مانۆڕێکی زەمینی زیادە یان پلانێکی نوێی فراوانکردن لە غەززە بکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنێکی شەڕ لە غەززە دەتوانێت چەند مانگێک بخایەنێت و پێویستی بە جێگیرکردنی لانیکەم شەش فیرقەی تەواو دەبێت لە ڕۆژئاوای شارەکە، ئەو ناوچانەی کە سوپا بۆ ماوەی ساڵێک چالاکییان تێدا نەکردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی پەرەسەندن و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ و بەرفراوان لە کەرتی وێرانکراوی غەززەی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، بەرپرسێکی نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیران مەیلی بەرەو فراوانکردنی هێرشەکانی سەر غەززە و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی خاکی غەززەیە، دوای ئەوەی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان وەستان و گەیشتنە بنبەست.
هەروەها بەرپرسانی باڵا پشتڕاستیان کردەوە، "هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو داگیرکردنی تەواوی ناوچەی فەڵەستین هەنگاو دەنێن، بابەتەکە یەکلایی بووەتەوە. بەرەو داگیرکردنی تەواوەتی غەززە دەڕۆین، هەروەها ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەدا دەکرێت کە بارمتەیان تێدا گرتووە. ئەگەر سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل ئەمە ڕەتبکاتەوە، ئەوا دەتوانێت دەست لەکاربکێشێتەوە".
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی دیکە ڕەتیانکردەوە، ناتانیاهۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززەدا داوە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو دزەپێکردنانەی ڕۆژنامەی مەعاریفە بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم دزەپێکردنانە لە کاتێکدا هات کە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیل و ئاگربەست گەیشتە بنبەست و هەردوولا پابەند بوون بە مەرجەکانیانەوە.