نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەدات
بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی غەززە دەدات.
میرۆسلاڤ جێنکا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەورووپا، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، فراوانکردنی شەڕەکە "مەترسی لێکەوتەی کارەساتبار، بۆ ملیۆنان فەڵەستینی دروست دەکات و دەشێت مەترسییەکی گەورەتر لەسەر ژیانی ئەو کەسانە دروست بکات کە بە بارمتە ماونەتەوە لە غەززە".
جێنکا دەڵێت: هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ململانێی غەززە و نە بۆ ململانێی فراوانتری ئیسرائیل و فەڵەستین نییە.
ڕۆژی سێشەممە، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، "زۆر گرنگە لە غەززە شکست بە دوژمن بهێنین و ئەم شەڕە ڕاگرین، هەموو بارمتەکانمان ئازاد بکەین و دڵنیابین لەوەی غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نەکات".
ماوەی 22 مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل بەشێکی بەرفراوانی کەرتی غەززەی وێران کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەندان جار هۆشداریی لەسەر مەترسی برسێتی و زیادبوونی فشارەکان لەسەر حکوومەتی ناتانیاهۆ بۆ وەستاندنی شەڕەکە هەبووە.
هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەزار و 219 کەس لە ئیسرائیل کوژران، زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. لە کۆی 251 بارمتە لە کاتی هێرشەکەدا گیراون کە شەڕی بەردەوامی غەززەی لێکەوتەوە، 49 کەسیان لە ناو کەرتی غەززەدا ماونەتەوە، لەنێویاندا 27 کەسیان کە ئیسرائیل دەڵێت کوژراون.