سەرۆکی بەرازیل: چی دیکە پەیوەندیی بە ترەمپەوە ناکەم
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل ڕایگەیاند، هیچ بوارێک نییە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریکیەکەی، گوتی: بە بڕوای ئەو هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بۆ ئەو "سووکایەتی" دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەرازیل بەرەنگاربوونەوەی گومرگی ڕاناگەیەنێت، هەروەها حکوومەتەکەی دەستبەرداری دانوستانەکانی ئاستی وەزیران نابێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز، سەرۆکی بەڕازیل گوتی: ئەو ڕۆژەی پێموایە ترەمپ ئامادەیە بۆ قسەکردن، درێغی ناکەم لە پەیوەندیکردن پێوەی. بەڵام ئەمڕۆ لەو باوەڕەدام ئەو نایەوێت قسە بکات، منیش خۆم سوک ناکەم.
لولا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و بەڕازیلی بە نزمترین ئاست لە ماوەی 200 ساڵدا وەسف کرد، دوای ئەوەی ترەمپ ئەو باجە نوێیەی بەستەوە بە داواکارییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە دادگاییکردنی جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی ڕاستڕەوی، کە بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکانی 2022 دادگایی دەکرێت.
سەرۆکی بەڕازیل گوتی: دادگای باڵا لە کاتی دانیشتنی دۆسیەی بۆلسۆنارۆ "بەلایەوە گرنگ نابێت ترەمپ چی دەڵێت و نابێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی پێشووی بەرازیل دەبێت جارێکی دیکە دادگایی بکرێتەوە بەهۆی هاندانی دەستوەردانی ترەمپ و بە "خیانەتکار لە نیشتمان" ناوی برد.
دەشڵێت: ئێمە لە دەستوەردانی ئەمەریکا لە کودەتاکەی ساڵی 1964 خۆش بووین، کە کاری سیاسی خۆی وەک سەرکردەیەک دەستپێکرد و شەڕی دژی حکوومەت لە دوای کودەتاکەی ساڵی 1964 کرد. "بەڵام ئەم دەستوەردانە شتێکی بچووک نییە، سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە دەتوانێت یاساکان بۆ وڵاتێکی خاوەن سەروەری وەک بەرازیل پێشێل بکات. ئەمە قبوڵ ناکرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیرەکانی بە زەحمەت گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان دەکەن، بۆیە حکوومەتەکەی سەرنجی لەسەر ڕێوشوێنە ناوخۆییەکانە بۆ کەمکردنەوەی زەرەری ئابووریی باجەکانی ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەنیازە پەیوەندیی بە سەرکردەکانی گرووپی بریکسی وڵاتانی تازەپێگەیشتوەوە بکات، کە لە هیندستان و چینەوە دەستپێدەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری وەڵامدانەوەی هاوبەش بۆ باجەکانی ئەمەریکا.
هەروەها باسی لە پلانەکانی داڕشتنی سیاسەتێکی نیشتمانی نوێ بۆ سامانە کانزاییە ستراتیژییەکانی بەرازیل کرد و بە مەسەلەی "سەروەری نیشتمانی" وەسفی کرد، جیابوونەوە لە مێژووی هەناردەکردنی کانزاکان کە بەهایەکی کەمی بۆ وڵاتەکە زیاد کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، باجەکانی ئەمەریکا لەسەر کاڵای بەرازیل بۆ سەدا 50 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.