حکوومەتی سووریا داوای سیستەمی لا مەرکەزی بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانێت

کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە حەسەکە
کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە حەسەکە

بە ئامادەبوونی پێکهاتەکانی سووریا لە کورد و عەلەوی و درووزەکان، دوێنێ هەینی کۆنفرانسی یەکێتی پێکهاتەکان لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا، لایەنە بەشداربووەکان داوای لا مەرکەزییان لە چوارچێوەی سووریادا کرد، پێیان وابوو ئەم سیستەمە باشترین چارەسەرە بۆ چارەسەری کێشەو ئالنگارییەکانی سووریا.

عەلەوییەکان: لامەرکەزی گرەنتی ئایندەیەکی سەقامگیر و دادپەروەرە بۆ هەموو سوورییەکان

غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا، داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی، عیلمانی، فرەیی و لا مەرکەزیی دەکات، دەڵێت: ئەمە نموونەیەکە دەتوانێت ببێت بە چارەسەری کێشەکان و گرەنتی ئایندەیەکی سەقامگیر و دادپەروەر بۆ هەموو سوورییەکان.

لە گوتارێکدا کە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسدا لە کۆنگرەی یەکێتی پێکهاتەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە حەسەکە پێشکەشی کرد، گوتی:" داوای دەوڵەتی ئایینی ناکەین، بەڵکو داوای دەوڵەتێک دەکەین تێیدا شکۆی هەمووان پارێزراو بێت، چارەسەریی کێشەکان پشت بە مافەکان ببەستێت، نەوەک دەسەڵات.

پێکهاتەکان: لە سیستەمی لا مەرکەزی دەوڵەتی یاسا زاڵە

هەینی 8ـی ئابی 2025، کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان جەختی لەوە کردەوە، فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نوێنەرایەتی "سەرچاوەی هێز و سامانە، نەوەک هەڕەشە"، داوای پێداچوونەوەی بە دەستووری ئێستای وڵاتەکە کرد، پێکهاتەکانی نێو کۆنفرانسەکە پێیان وابوو، دەستووری وڵاتەکە "ئاواتی سوورییەکان بۆ ئازادی و شکۆمەندی ناهێنێتە دی".

لە بەیاننامەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کرا، پێکهاتە ناوخۆییەکانی سووریا "لە سایەی ڕژێمە مەرکەزییەکاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەد دا، دەیان ساڵ تووشی پەراوێزخستن و وەدەرنان بوون"،  کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کارانەی لە دژی دانیشتووانی کەناراوەکان و سوەیدا و مەسیحییەکان ئەنجامدران، دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتبوو، ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکە دەرچوو، گوزارشت لە "ئیرادەیەکی ئازاد و هۆشیارییەکی هاوبەشی بەکۆمەڵ دەکات بۆ بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو، دیموکراسی، لامەرکەزی، کە دەوڵەتی یاسا زاڵە و کەرامەتی مرۆڤایەتی تێدا پارێزراوە".

وەزارەتی دەرەوەی سووریا: دابەشکاری ڕەت دەکەینەوە

لە یەکەم کاردانەوەدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت: کۆنگرەی یەکێتی پێکهاتەکان لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر بنەمای تایفی و نەتەوەیی ئەنجامدراوە، ئەوەش لەگەڵ گوتاری یەکپارچەیی کۆک نییە و  دابەشکاریی ڕەت دەکەینەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەشدا، پێوەری ڕاستەقینەی کردارەکان پەیوەستە بە پابەندبوون بە پڕۆژەی گشتگیری نیشتمانی، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە دەرگاکانی دیمەشق بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت گفتوگۆی ڕژد هاوبەش بکەن، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی سوریا بۆ داهاتوویەکی باشتر.

بەرپرسێکی حکوومەتی سووریا کە ناوی خۆی بۆ ئاژانسی ئەنادۆل ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کۆنگرەی پێکهاتەکان لە سووریا، کاریگەریی دەکاتە سەر ئاڕاستەی دانووستەکان، دەشڵێت: حکوومەتی سووریا پێداچوونەوە بە بژاردەکانی دەکات لەگەڵ هەسەدە، لەنێو ئەم بژاردانەش، هەڵوەشاندنەوەی دانووستانی پاریسە، ئەگەر هەست بەوە بکرێت  کە ڕێککەوتنی 10ـی ئازار جێبەجێ ناکرێت.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆنگرەی یەکێتی پێکهاتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەردەکەوێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، ڕژد نییە لە دانووستانەکان لەگەڵ دیمەشقدا، دەڵێت: ئەو کۆنگرەیە داوای لا مەرکەزیی کردووە، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە.