ئێران: مووشەکەکانمان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل ئامادەن

راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، رایگەیاند, هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت "هەڵەیەکی کوشندە" بووە و کۆتایی بە ئارامی تاران هێناوە. ویلایەتی هۆشداری دا کە فەرمانی سەربازی دەرکراوە و ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر لوبنان ڕانەگیرێن، ئێران لە ڕێگەی داخستنی گەرووە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانەوە پەکخستنی ستراتیژیی ئابووری بەرامبەر نەیارەکانی بەکاردەهێنێت.

یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "هەڵەی لێکدانەوەی ئیسرائیل لە بەیرووت، کۆتایی بە ئارامی هێنا و فەرمانی هێرش دەرکراوە؛ کاتژمێری سفر بۆ هێرشەکان و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک ئامادە دەکرێن."

راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران جەختی کردەوە، حزبوڵڵا بەشێکی جیانەکراوەی "بەرەی مقاومەیە" و گوتی: "ئەگەر ئاگری شەیتانیی ئیسرائیل لە لوبنان نەکوژێنرێتەوە، ئەوا دوو بازووی بەهێزی جوگرافیا، واتە گەرووی هورمز و بابوولمەندەب، شادەمارە ئابوورییەکانتان دەگوشن تا دەگاتە ئاستی پەکخستنی ستراتیژی."

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی حزبوڵڵا لە گەڕەکی زاحییە، لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان.

دوای هێرشەکەش هەریەک لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.

هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل کەمێک پێش وەشاندنی گورزە ئاسمانییەکانی بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای (CENTCOM) لە بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە. ئەم هێرشانەش دوای ئەوە دێن کە حزبوڵڵا بە چەند درۆنێک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل

یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕەخنەی لە هێرشەکەی سەر بەیرووت لەلایەن ئیسرائیل گرت و رایگەیاند کە ئەم هێرشە نەدەبوو روو بدات، چونکە لایەنەکان لە رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران نزیک بوونەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت لە کاتێکی نەگونجاودا بووە و گوتیشی: "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئەو هێرشەی حزبوڵڵا بۆ سەر زۆر بچووک و بێ مانا بوو، کەسی تێدا نەکوژرا و بریندار نەبوو، بۆیە نەدەبوو ئەم پڕۆسە گرنگەی رێککەوتن تێک بدرێت."

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لە رێککەوتنێک نزیکە کە ئاشتی بۆ ناوچەکە و لوبنانیش دەهێنێت و داوای کرد: "دەبێت هەموو لایەک پاشەکشە بکەن. نابێت چیتر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر هیچ شوێنێکی لوبنان، هەروەها نابێت حزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکەش هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل."