عەلی باقری: هەوڵەکانی دوورخستنەوەی حزبوڵڵا لە هاوکێشەی لوبنان سەرکەوتوو نابێت

عەلی باقری، سکرتێری ئەنجوومەنی ستراتیجی ئێران ڕایگەیاند، حزبوڵڵا هێزێکە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە گەلی لوبنان دا هەیە و هەوڵەکانی دوورخستنەوەی لە هاوکێشەکە سەرکەوتوو نابێت.

باقری گوتیشی: حزبوڵڵا بزووتنەوەیەکە لە گەلی لوبنانەوە سەرچاوەی گرتووە و بەرهەمی حکوومەتێکی دیاریکراو نییە.

بۆ سێهەمین ڕۆژ لەسەریەک، گەڕەکێکی باشووری بەیروت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان لەدژی بڕیاری حکوومەت بۆ داماڵینی چەک و سنووردارکردنی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە لوبنانییەکان، سوپای لوبنان بەشێک لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی بۆ ئەو گەڕەکەی باشووری بەیروت داخستووە.

پێشتر سوپای ئەمەریکا هۆشداری دابوو لە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی وڵات و جەختی کردەوە، ڕێگە بە هیچ پەکخستنی ئاسایش و داخستنی ڕێگاکان و دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتیی و تایبەت نادات.

دوێنێ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی شەرمەزار کرد و بە دەستێوەردانێکی ئاشکرا و قبوڵنەکراو لە کاروباری لوبنان وەسف کرد.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دژایەتی بڕیارەکەی حکوموەتی لوبنان دەکات، بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵای لوبنان. لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ویلایەتی ڕوونیکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەدڵنیاییەوە دژایەتی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان دەکات، چونکە هەمیشە پاڵپشتی گەلی لوبنان و بەرخۆدان بووە و بەردەوامیشی هەیە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی لوبناندا هاتووە، "هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامن لە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی گوماناوی لەسەر بڕیارە ناوخۆییەکانی لوبنان کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە؛ باشترە ئێران لەبری دەستوەردان لە کاروبارێکدا کە پەیوەندی پێوەی نییە، ئاوڕ لە کێشەکانی گەلەکەی خۆی بداتەوە و سەرنجی لەسەر دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانی بێت."

بەیاننامەکە جەختیشی کردەوە "ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نادەین، دۆست بێت یان دوژمن، بە ناوی گەلی لوبنانەوە قسە بکات یان خۆی بە خاوەنی سەروەرییەکانی بزانێت."

حکوومەتی لوبنان، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سوپای وڵاتەکەی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی پلانێک بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵ جێبەجێ بکرێت و حیزبەکەش ڕەتی کردەوە.

تاران، ڕۆژی چوارشەممە، ڕایگەیاند "پشتگیریی هەر بڕیارێک دەکات کە حزبوڵڵا بیدات و بە ئاشکراش دژایەتیی خۆی بۆ پلانی چەکداماڵینی ئەو حزبە ڕاگەیاند."