ترەمپ و بایدن نرخی زێڕ بەرزدەكەنەوە
دیبەیتەكەی كاندیدانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەبێتە ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ
K24 - ھەولێر
لەگەڵ داکەوتنی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ لە میانی مامەڵەکانی یەکەم رۆژی هەفتەیدا بەرز بووەوە، هۆکارەکەشی بۆ یەکەم دیبەیتی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و جۆبایدن رکابەرە دیموکراتەکەی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.1% بۆ 1861 دۆلار بەرزبووەوە، و لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ کۆتایی ئەمساڵ لە ئاستی 1865.90 دۆلار جێگیر بوو.
بە گوتەی شارەزایەکی بۆرسە، نرخی زێڕ پێچەوانەی دۆلار جوڵە دەکات و پێشبینی دەکەن لەگەڵ دەستپێکردنی دیبەیتی ترەمپ و بایدن جووڵەیەکی گەورە بکات.
لەبەرامبەردا پێنوێنی دۆلار بە رێژەی 0.2% بەرامبەر سەبەتەی شەش دراوە سەرەکییەکە دابەزی، کە هەفتەی رابردوو بۆ بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی بەرزبووەوە.
لە بارەی دراوەکانی دیکەش، نرخی زیو لە ئاستی 22.87 دۆلار جێگیر بوو، نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیش بە رێژەی 0.6% بۆ 852.21 دۆلار بەرزبووەوە، ئۆنسەیەک پلادیۆمیش بە رێژەی 0.1% بۆ 228.18 دۆلار بەرزبووەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە یەكەم دیبەتی رووبەڕوو لەنێوان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمەریكا بەڕێوەبچێت.