تامی بروس: پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دژی پابەندییە ئەمنییەکانی ئێمەیە لە ناوچەکە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە، هاوکات ئەم پرۆژەیە دژی پابەندییەکانی ئێمەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە.

سێشەممە 12ـی ئابی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پرۆژەی یاسای حەشدی شەعبی گوتی: ئێمە دژی هەر پرۆژە یاسایەکین، کە لە لەگەڵ ئامانجی پەیوەندی دووقۆڵییەکەمان لەگەڵ هاوکار و هاوبەشە ئەمنییەکانمان یەکانگیر نییە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی باسی لەوەش کرد، ئەم پرۆژە یاسایە دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە. هاوکات ئێمە پشتیوانی سەروەری عێراق دەکەین، نەک پرۆژە یاسایەک، کە عێراق دەکاتە وڵاتێک بە تەواوی بکەوێتە ژێر هەژموونی ئێران.

ئاماژەشی دا، هەڵوێستی ئێمە لەو بارەوە ڕوونە، کە دەبێت داهاتووی عێراق لە دەستی گەلەکەی دابێت. بە دڵنیاییەوە ئەم پرسە بە شێوەیەکی گشتی دژی پابەندییەکانی ئێمەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە.

ڕۆژی سێشەممە، 5ی ئابی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە بارەی یاسای حەشدی شەعبی، وەڵامی ڕەحیم ڕەشیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24ی دایەوە و گوتی: پڕۆژە یاساکە، ئەو گرووپە چەکدارانە بە دامەزراوەیی دەکات کە پەیوەندیان کردەی تیرۆرستییەوە هەیە و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەڵبەت ئەو گرووپانە چەندین هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق.

هەروەها یەکشەممە، 3ی ئابی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بڵاوی کردەوە، ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەکەیان لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە و تاوتوێی پرۆژە یاسای پێشنیازکراوی حەشدی شەعبییان کردووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەشی دابوو، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردبووە، پەسندکردنی پرۆژە یاساکە، هەژموونی ئێران لە عێراق زیاتر دەکات و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان بەهێزتر دەکات، ئەمەش هەڕەشە لە سەروەریی عێراق دەکات.

پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایەی حەشدی شەعبی کە لە پەرلەمانە، بە زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق وەسف کرد.