دوکان.. کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللەیان لێدەکات

قایمقامی قەزای دوکان دەڵێت: کەسێک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایتییەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللەیانی لێکرد، لە ئەنجامدا چوار کەس بوونە قوربانی.
چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئێستا لە قەزای دوکان، کەسێک بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەڵیکوتایە سەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللەیانی لێکرد.
قایمقامی قەزای دوکان، ئاماژەی بەوە کرد، لە ئاکامدا کەسەکە خێزانەکەی خۆی و پیاوێکی دیکە کە لە ماڵی خەزوری بووە کوشت، هەروەها دوو منداڵیشی بریندار کرد.
گوتیشی: کەسەکە دوای ئەوەی دەستڕێژییەکەی کرد، فیشەکێکیشی لەخۆی دا. ئێستا تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون، هەروەها بریندارەکانیاش ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون.
سیروان سەرحەد، باسی لەوەش کرد، تیمەکانی پۆلیسیش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە.