سەرەڕای بێئاوی، سلێمانی هەوڵی زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی دەدات
لە شاری سلێمانی لە هەر 11 بیری ئاو 10 یان وشک بوون، سەرەڕای ئەوەش هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان ڕێژەی سەوزایی شارەکە زیاد بکەن.
دارەکان تینوون، بەڵام هێشتا دیمەنێکی جوان بە شار دەبەخشن، لە کاتێکدا بێ ئاوی تەنگی بە ژینگە هەڵچنیوە، زۆرێک لە بیرەکان وشک بوون، مەعروف چالاکوانی بواری ژینگەیە و ئاماژە بەوە دەکات گەر هاووڵاتیان هۆشیار نەبن و واز لە بەفیڕۆدانی ئاو نەهێنن، بەهۆی بێ ئاوییەوە زیانێکی گەورە بەر ژینگە دەکەوێت.
مەعروف مەجید، چالاکوانی بواری ژینگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان، بەهەزاران شوشتنگەی ئۆتۆمبێل هەیە، دەبێ بزانرێت سەرچاوەی ئاوی ئەو شوشتنگانە لە کوێ دابینکراوە، یان ئاوی شیرنە یان ئاوی بیرە.
گوتیشی: من بیستوومە لە هەندێک ناوچە حەوزی ماسی بە ئاوی بیر دروستکراوە، یان ئەو هەموو بیرانە کە لەشاروشارۆچکەکان بەبێ بەرنامە دروست کراوە، ئەمە کارەساتە.
تەنیا لە سنووری جوگرافیی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی 510 باخچە هەیە ، جیا لەوەش لەناو شاردا حەوت پارکی گەورە هەیە، 85 بلواری سەرەکیش هەیە کە سەرجەمیان سەوز کراون و خزمەت دەکرێن، بۆ ئەمەش پشت بە تانکەری ئاو دەبەستن.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی دەڵێت: لە ڕێگەی تەنکەرەکانی حکوومەت ئاو بۆ باخچەکان دەنێرین، کە ڕۆژانە پێویستمان بە چوار ملیۆن و نیو لیتر ئاو هەیە بۆ ئاودێریکردنی باخچەکان، ئەگەر باخێکیش ئاوی پێ نەگات ئێمە پەرژین و چیمەنەکان ئاودەدەین.
لە ساڵی 2024 دا نزیكەی 135 هەزار نەمام و دەوەن چاندووە، هاوکات بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی شارەوانیی و ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، هەر وەبەرهێنێك یان لایەنێك یاخود سەرمایەدارێك لەو شوێنەی خۆیدا باڵەخانەیەک یان سیتییەك دروست بکات، ئەگەر پرۆژەكە (25 %)ـی سەوزایی تێدا نەبوو، یان زەوییەكی پێدەدرێت بۆ سەوزکردن، یاخود قەرەبووی لێ وەردەگیرێت
سەرەڕای کەمی ئاو و وشکە ساڵی، بەڵام تادێت باخچە و سەوزاییەکانی شاری سلێمانی ڕوو لە زیاد بوون دەکات و نزیک دەبێتەوە لە ستانداردی جیهانی کە لە %25 و ڕێژەی سەوزای سلێمانیش 19.6%، لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول هەڵمەتێکی گەورەی چاندنی نەمام و درەخت دەست پێدەکات و ماوەی سێ مانگ بەدەوامی دەبێت و زیاتر ئەو نەمام و درەختانە دەچێنن کە بەرگەی بێ ئاوی و ڕەشەبا و ژینگەی سلێمانی بگرێت.