توركیا ستراتیژی نوێی ئابووری بۆ سێ ساڵ ئاشكرا دەكات
بەرنامەكە سێ خاڵی سەرەكی لەخۆ دەگرێت
K24 - ھەولێر
بەرات ئال بایراك، وەزیری گەنجینە و دارایی توركیا لە لێدوانێكیدا ستراتیژە نوێیە ئابوورییەكەی وڵاتەكەی ئاشكراكرد، كە بۆ ساڵەكانی 2021 تاوەكو 2023ـە، بەرنامە ئابوورییەكەش لەسەر بنەمای بابەتەكانی، جێگیربوونێكی نوێ، سرووشتێكی نوێ و ئابوورییەكی نوێی داڕێژراوە.
ئال بایراك ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەكرێت ئابووری توركیا لە ماوەی ئەمساڵدا و سەرەڕای لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرێژەی 0.3% گەشە بكات و ھەروەھا پێشبینی دەكرێت ئەو گەشەسەندنە لە ساڵی داھاتوودا بگاتە 5.8 % و لە ساڵەكانی 2022 تا 2023 لە سنووری 5% بێت، كە ئەوەش لە ئەنجامی دووبارە گەڕانەوەی دۆخی وەبەرھێنان و گەشتیاری بۆ دۆخی ئاسایی بەر لە كۆرۆنا.
ئال بایراك رونیشیكردەوە، بۆ ئەوەی ئامانجەكانی گەشەكردنی ئابووری بپێكن، پێویستە تیشك بخرێتە سەر ھەناردە و بەرھەمھێنان و ھەروەھا دامەزراندن، ھەرچی تێكڕای ھەڵاوسانە ئاماژەیدا تا كۆتایی ساڵی 2021 دەگاتە 8%.
سەبارەت بە تێكرای بێكاری بەگوێرەی بەرنامەكە ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو دەگاتە 13.8% و 12.9%و تا كۆتایی ساڵی 2023 پلە بە پلە بۆ 0.9% دادەبەزێت.
وەزیری گەنجینە و دارایی توركیا راشیگەیاند، حكومەتی توركیا لە دوای كۆتاییھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەست بە جێبەجێكردنی سیاسەتی بوژانەوەی ئابووری دەكات تاوەكو لە رێگەیەوە پاڵپشتی بازاڕی كار بكات .
ئەوەش لە كاتێكدایە بەگوێرەی داتا فەرمییەكانی توركیا، پێنوێنی متمانە بە ئابووری وڵاتەكە لەم مانگەدا روو لە باشبوون بووە.
پەیمانگای داتاكان لە توركیا (توركستات) لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند، ئەم مانگە پێنوێنی متمانە بە ئابووری توركیا لەسەر بنەمای مانگانە بەرەو باشبوون بووە ، بەجۆرێك بەرێژەی 3.1% بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگی پێشووتری.
لە داتاكاندا ھاتووە، تۆماركردنی ئەو بەرزبوونەوەیە لە ئەنجامی باشبوونی متمانەی بەكاربەر و خزمەتگوزارییەكان و ھەروەھا پێنوێنییەكان كەرتە سەرەكییەكان بووە، بەو پێیەی كە لەھەمان ماوەدا پێنوێنی متمانەی بەكاربەر بە ئابووری وڵاتەكە بەرێژەی 3.2% بەرزبووەتەوە، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ لێكەوتە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە.