تا ئێستا 53 چالاکوان و خۆپیشاندەرله عێراق رفێنراون و چارەنووسیان نادیارە
چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان لە نەجەف رفێنرا
K24 – ھەولێر:
سەرچاوهیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان بە ناوی ئەحمەد حلو لە ناوچەی بەراکیە لە شاری نەجەف، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە رفێندرا و چارەنووسی نادیارە.
به گوتهی چالاكوانان، ئهحمهد حلو له رێگهی گهڕانهوهی بهرهو ماڵهوه له نزیك فڕۆكهخانهی نهجهف رفێندراوه، دوای ئهوهی بهشداریكردووه له گردبوونهوهیهكی تایبهت به یادكردنهوهی خۆپیشاندانهكانی ئۆكتۆبهری ساڵی رابردوو.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقی، لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا 53 چالاکوان و خۆپیشاندەر رفێندراون.
ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراقدا تێپەڕی و بەگوێرەی ئامارێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 53 چالاکوان و خۆپیشاندەری رفێندراون و چارەنووسییان نادیارە.
عەلی جاسب، یەكێكە لە رفێندراوان و کەمتر لە خولەکێکی پێویست بوو بۆ رفاندنی. دیمەنی ساتی رفاندنی عەلی جاسب چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی شاری عهمارە، کە هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری میلیشیاکانەوە رفێندرا. لەو رۆژەوە تا ئێستا باوکی چاوەڕێی دۆزینەوەی سەرەداوێکە بۆ ئاشکرابوونی چارەنووسی کوڕەکەی.
جاسب حەتاب، باوکی عەلیی رفێندراو گوتی: : "عەلی جاسب یەکێک بوو لە چالاکوانانی خۆپیشاندان و پارێزەری مافەکانی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان بوو، کە لە یەکی ئۆکتۆبەر دەستگیرکرابوون، هەروەها یەکێک لە چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە دژی هەڵسوکەوتی حزبەکان بوون، بەشداری خۆپیشاندانەکانی یەکی ئۆکتۆبەری کرد، لەسەر ئەمە رفێندرا ".
دایکی عەلی، بە دڵی هەڵقرچاو و چاوی پڕ فرمێسکەوە، بۆ کوڕەکەی دەگریا، وەک ئەوەی دوێنێ رفێندرا بێت، توانای قسەکردنی نەبوو، بۆیە باوکی عەلی (جاسب حەتاب) درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: "عەلیش وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە هەستی بەو مەینەتییانە دەکرد، کە تووشی خەڵک هاتووه، خۆی بە حوکمی ئیشەکەی، کە پارێزەرە لە خەڵک نزیک بوو و لەگەڵ خەمەکانیان بوو، درکی زیاتری بە ستەم دەکرد، بەهیوای ئەوەبوو گۆڕانکاری سیاسی رووبدات".
لە ئەیلولی رابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ماڵی جاسب حەتابی کرد و بەڵێنیدا کار بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکەی بکات، بەڵام تا ئێستا ھیچ نەكراوە و چارەنووسی عەلی و ئەحمەد حلو و بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ 53 چالاکوان و خۆپیشاندەری رفێندراو دیار نییە.
"ئاژانسی ئەسیۆشییەتد پرێس" ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، میلیشیای ئەنساروڵڵا بە سەرۆکایەتی حەیدەر غەڕاوی، کە نزیکە لە ئێرانەوە، لە پشت زۆربەی کردەوەکانی کوشتن و رفاندنی خۆپیشاندەرانی شاری عهمارەیە.