بەڕێوەبەری نوێی تەندروستی راپەڕین دەستبەكار دەبێت
د. دیار ئیبراھیم پێشتر بەڕێوەبەری کۆگای ناوەندی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ھەرێمی كوردستان بوو
K24 – رانیە
ئەمڕۆ شەممە 3/10/2020، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، د. دیار ئیبراھیم وەك بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین دەستبەكاربوو.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە قەزای رانیە وەزیری تەندروستی دەستبەكاربوونی بەڕێوەبەری نوێی تەندروستی راپەڕینی راگەیاند و گوتی: "دەستبەكاربوونی د. دیار ئیبراھیم وەك بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە پاڵپشتی ھەموولایەك بەتایبەتی خەڵكی ناوچەكە دەبێتە ھۆی چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان لە كەرتی تەندروستی لەم ناوچەیە".
د. سامان بەرزنجی، سوپاسگوزاری بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی راپەڕینی كرد، لە بەرامبەر خزمەت و ھەوڵەكانی لە ساڵانی رابردوو بۆ خزمەتكردن بە ھاووڵاتییانی دەڤەرەكە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد: "راستە بەھۆی نەبوونی بەڕێوەبەری گشتی لە ماوەی رابردوو بۆشایی لە كەرتی تەندروستی لەم ناوچەیە دروستبووە، بەڵام دڵنیاتان دەكەینەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی تایبەت بە كەرتی تەندروستی دەدات، دوو رۆژ لەمەوبەر حكومەتی ھەرێم بودجەیەكی دیكەی بە بڕی سێ ملیار بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەرخانكردووە و وەك خۆ ئامادەكردن بۆ وەرزی نوێ و گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی دابەش دەكرێت".
د. دیار ئیبراھیم، لەسەرەتای كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەك بەڕێوەبەری کۆگای ناوەندی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دەستبەكاربوو، دوای دەستلەكاركێشانەوەی بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی راپەڕین، لەلایەن دانیشتووان و دامەزراوەكانی دەڤەری راپەڕین پاڵپشتی د. دیار كرا بۆ ئەوە ببێت بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین.