وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچووانى قۆناغى 12ی ئامادەیى ئاگادار دەكاتەوە
"زانکۆلاین بۆ دەرچووان کارا دەکرێت"
K24 - ھەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەوە دەرچووانى قۆناغى 12ی ئامادەیى دەتوانن وشهی تێپهڕو نهێنی (پاسۆرد و یوزهرنهیم) لە خوێندنگەکانیان وەربگرنەوە و لە چەند رۆژى داهاتوودا زانکۆلاین بۆ دەرچووان کارا دەکرێت.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: "دواى هەوڵەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەت و ناوەندى وەرگرتنى خوێندکاران، وشهی تێپهڕو نهێنی (پاسۆرد و یوزهرنهیم) بۆ سەرجەم دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى ئامادەکرا و هەر دوێنێش رهوانهی وەزارەتى پەروەردە كرا".
وتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا، داوا لە دەرچووانى پۆلی 12ی ئامادەیى دەکات: "لەم هەفتەیەوە دەتوانن سەردانى خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وهرگرتنهوهی وشهی تێپهڕو نهێنی (پاسۆرد و یوزهرنهیم) پێویستە دەرچووان بەباشى پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لەڕێگەى ئهو (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ه دەتوانن (زانکۆلاین) پڕبکەنەوە".
لەبارەى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى، عەباس ئەكرەم روونیكردەوە: "لە چەند رۆژى داهاتوودا زانکۆلاین بۆ دەرچووان کارا دەکرێت و پێش کاراکردنیشى لە راگەیەندراوێکى رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەى بۆ دەرچووان دەخرێتەڕوو".