دەربارەی ڕووداوەکانی سلێمانی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتە دەنگ

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی وردی پێشهاتەکانی شاری سلێمانی دەکەین، کە بۆ سەقامگیری و ئارامیی عێراق و هەروەها سەلامەتیی هاووڵاتییانمان خاوەن گرنگییەکی زۆرە.

لەم چوارچێوەیەدا، کونسوڵخانەی گشتییمان لە هەولێر، لە هەوڵدایە بۆ پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتە ناوخۆییە پەیوەندیدارەکانەوە، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانمان.

شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی دەستیپێکرد و هەر زوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،  ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستیشی زانیوه‌، هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت  و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکۆکییەکیش هەبێت پێویستە بە ڕێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment