تەندروستی عێراق هۆشداری لە كردنەوەی قوتابخانەكان دەدات

حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكات

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی و ژینگە عێراق هۆشداری دەدات لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە كۆرۆنا رۆژانە بەرزببێتەوە بۆ 10 هەزار حاڵەت.

زیاد حازم، ئەندامی تیمی زانیاریی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، قوتابیانی قۆناغی ناوەندی و زانكۆ دەتوانن لە رێگەی خوێندنی ئۆنلاینەوە بەردەوامی بەخوێندن بدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەوامی قوتابیان دوای چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن و كۆتایی وەرزی پاییز پەسەند دەكرێت، چونکە رەنگە ئەمە لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی كۆرۆنا بێت بۆ 10 هەزار حاڵەت لە رۆژێکدا، دواتر کارەکە بۆ قوتابیان دوادەکەوێت.

ئەمە لەكاتێكدایە تائێستا 375 هه‌زار و 931 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوونە، له‌و ژماره‌یه‌ش 9 هه‌زار و 347 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه و 303 هه‌زار و 665 كه‌سیش به‌ ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه، ھەروەھا 62 هه‌زار و 919 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان.