كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە سلێمانی تەقییەوە
تائێستا ھۆكارەكەی ئاشكرا نەكراوە

K24 – سلێمانی
ئەمڕۆ كۆگایەكی ھێزەكانی 70 ی پێشمەرگە لە سلێمانی تەقییەوە و فەرماندەی گشتی ھێزەكانی حەفتاش دەڵێ"تائێستا ھۆكارەكە دیار نییە و لیژنەیەكیان بۆ لێكۆڵینەوە پێكھێناوە".
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی گشتی ھێزەكانی 70 بە كوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ كۆگایەكی ھێزەكانمان لە سلێمانی تەقیوەتەوە، بەڵام تائێستا ھۆكاری رووداوەكە نەزانراوە، بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لیژنەیەكمان پێكھێناوە و دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەخەینەڕوو".
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، ئەو كۆگایە چەكی بەكارنەھاتووی تێدا ھەڵگیراوە، دوای تەقینەوەی كۆگاكە ئاگری گرتووە.
ئهحمهد لهتیف وتهبێژی هێزهكانی 70 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە: "كۆگاكە تەقیوەتەوە و دواتر ئاگر لەو شوێنە كەوتووەتەوە، بۆ ھۆكاری رووداوەكەش چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە دەكەین كە پێكھێندراوە".
لەبارەی زیانەكان گوتی: "خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، تەنھا پێشمەرگەیەك كە ویستوویەتی لە شوێنەكە دووركەوێتەوە كەوتووە و قاچی وەرگەڕاوە".
راشیگەیاند: "بەھۆی تەقینەوەكە جگە لە زیان بە كۆگاكە، چەند ئۆتۆمبێلێك زیانیان بەركەوتووە و ھەروەھا ئاگر لە پوشوپاوانی نزیك كۆگاكە كەوتووەتەوە".