وەزارەتی كارەبا لەبارەی بە تایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا روونكردنەوە دەدات
"دەبێتە هۆی باشتر كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا"
K24 – ھەولێر
وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی بە تایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا، چەند دەنگۆیەك رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "نرخی كارەبا لەسەر هاوبەشانی كارەبا زیاد ناكرێت".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە: "ھەندێك لەدەزگاكانی راگەیاندن بەمەبەست یاخود بێ زانیاری و شێواندنی لێدوانی بەرپرسانی كارەبا هەواڵ و راپۆرت سەبارەت بەتایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبای نیشتمانی بڵاودەكەنەوە كە بووەتە هۆی دڵەراوكێ و پرسیار لای هاوبەشانی كارەبا".
وەزارەتی كارەبا روونیكردووەتەوە: "بەتایبەتكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی كارەبا چاودێریی و سەرپەرشتی دەكرێت. دەبێتە هۆی باشتر كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا".
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی كارەبا:...
ھەندێك لەدەزگاكانی راگەیاندن بەمەبەست یاخود بێ زانیاری و شێواندنی لێدوانی بەرپرسانی كارەبا هەواڵ و راپۆرت سەبارەت بەتایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبای نیشتمانی بڵاودەكەنەوە كە بووەتە هۆی دڵەراوكێ و پرسیار لای هاوبەشانی كارەبا، ئێمە لەوەزارەتی كارەبا بۆ بەرچاو روونی هاوڵاتیانی خۆشەویست بەپێویستی دەزانین ئەم چەند زانیارییانەی خوارەوە بڵاوبكەینەوە كە سەرجەم ئەم هەنگاوەو پرۆسەیە لەخزمەتی هاوڵاتیانی كوردستاندایە.
1- بەتایبەتكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی كارەبا چاودێریی و سەرپەرشتی دەكرێت.
2- نرخی كارەبا لەسەر هاوبەشانی كارەبا زیاد ناكرێت.
3- دەبێتە هۆی باشتر كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا.
4- رێگرە لە بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا و كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕ و وێستگەكان و كەمبوونەوەی كاری چاكسازیی و سوتانی محاویلەكان .
5- كەمكردنەوەو نەهێشتنی سەرپێچیەكانی كارەبا بەمەش دادپەروەریی لە دابەشكردنی كارەبا زیاتر دەستەبەر دەكرێت.
6- زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەتایبەتی لەهەردوو وەرزی هاوین و زستان دا .
7- بەڕێژەی لە 70%ی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا لەو سێكتەرە كار دەكەن بەتەواویی ئیمتیازاتەكانیان كار دەكەن و كۆمپانیاكان پابەند دەبن بەدابینكردنی موچەكانیان لەكاتی خۆیدا.
8- كەمكردنەوەی سلفەی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی كارەبای شارەكان .
وەزارەتی كارەبا
4/10/ 2020