لەژێر ناوی 'ڕووناکی'، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لە سنە کرایەوە
لە شاری سنە، یەکەمین پێشانگای فۆتۆگرافیی "ڕووناکی" بە بەشداریی 30 فۆتۆگرافەری پارێزگاکە کرایەوە. لە پێشانگاکەدا 30 تابلۆی فۆتۆگرافی نمایش کراون، کە جێگەی سەرنجە نیوەی فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکان ژنن.
پێشانگاکە بە پشتیوانیی ماڵی وێنەگران و ئەنجوومەنی سینەمای گەنجانی سنە ڕێکخراوە و بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە گەلەریی هونەریی شەقامی فیردەوسیی شاری سنە بەردەوام دەبێت.
مەهدی تەوەکولی، سەرۆکی ماڵی وێنەگرانی سنە، بە کوردستان24 گوت: ئامانجی ئێمە لەم جۆرە پێشانگا و فێستیڤاڵانە ئەوەیە کە بتوانین ئاستی فێربوونی فۆتۆگرافی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز بکەینەوە و بتوانین بە شێوەیەکی باشتر خەڵک پەروەردە بکەین.
سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە ئاماژەیان بەوە کرد کە لە مانگی گوڵانەوە ئامادەکارییان دەستپێکردووە و لە کۆی 100 بەرهەمی نێردراو، 30 بەرهەمی 15 کوڕ و 15 کچی فۆتۆگرافەر بۆ نمایشکردن هەڵبژێردراون، کە سەرجەمیان لەژێر تێمی "ڕووناکی"دا بوون.
جوانا جوانمەردی، یەکێک لە فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکان دەڵێت: شانازی دەکەم کە بەشداریم کردووە. بابەتی پێشانگاکە 'ڕووناکی' بوو. بەرهەمەکەی من باس لە کەسێک دەکات کە لە تاریکیدایە و سەرەڕای بوونی دەروازەیەکی ڕووناکی، خۆی بەدەستەوە دەدات.
هەروەها ئارتا لوتف ئابادی، فۆتۆگرافەرێکی دیکەی بەشداربوو، گوتی: ماوەی دوو ساڵە خەریکی وێنەگرتنم، بەتایبەت لە بواری وێنەی شەقام و دۆکیۆمێنتاری. هیوادارم لە داهاتوودا پێشانگای لەم شێوەیە زیاتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی گەنجانی دیکەش بتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن.
کردنەوەی ئەم پێشانگایە وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ هونەرمەندە گەنجەکانی سنە سەیر دەکرێت، بەتایبەتی بۆ کچان، تا بتوانن بەهرە و کارەکانیان لە بواری فۆتۆگرافیدا بخەنەڕوو و پەرە بە تواناکانیان بدەن.