تهندرووستی جیهانی: ئەگەر ھەیە لە شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا ھەموو تاكێكی عێراق تووش ببێت
ھەرێمی كوردستان رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا توندتر دەكات
K24 – ھەولێر:
رێكخراوی تەندرووستی جیھانی ھۆشداری لە بارەی بڵاوبوونەوەی زياترى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق دا و نوێنەری ڕێكخراوەکەش لە عێراق گوتی: ئەگەر ھەیە لە گەڵ شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسەکە ھەموو تاکێکی عێراقی تووشی کۆرۆنا ببن.
ئێستا عێراق چووەتە قۆناغی سێیەمی شەپۆلی کۆرۆنا، ئەگەر شەپۆڵی چوارەمیش رووبدات، کە نوێنەرى ريكخراوى تەندرووستى جيهانى لە عيراق پێشبینی بۆ دەكات ئەوە ھەموو تاکێکی دانیشتووی عێراق تووشی کۆرۆنا دەبن.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستانیش بە نيازه رێکارەکان توندوتۆڵتر بکاتەوە. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: ھەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام بارودۆخەکە پەیوەستە بە خۆپارێزی ھاووڵاتیانەوە ئەگەر بارودۆخیش لەوه زياتر مەترسیدار بێت ئەوە داوای توندکردنەوەی رێکارەکان دەکەین.
پزیشکان و شارەزایانی تەندرووستی پێیانوایە وەرزی زستان لەبەر ئەوەی وەرزی پەتا وەرزییەکانە؛ ئەگەر ھاووڵاتیان خۆیان نەپارێزن مەترسییەکە جدیتر دەبێت.
کاروان یاسین، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوای ھەولێر، کە نەخۆشخانەیهكی تایبەتە بە چارەسەر کردنی توشبوانی کۆرۆنا گوتی: %50 ئەو کەسانەی ئێستا تووشی کۆرۆنا دەبن بارودۆخیان توند و ناجێگیرە.
ھەموو لایەک ھۆشداری لە مەترسی بارودۆخەکە دەدەن و بەردەوام داوای تاک پارێزی و خۆپارێزی دەکرێت لە ھاووڵاتیان.
پارێزگاری دھۆک داوای قەدەغەی ھاتوچۆ و پارێزگای سلێمانیش داوای لە وەزارەتی تەندرووستی کردووە پێداچوونەوە به ڕێکارەکاندا بكات.
وەزارەتی تەندروستیش بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاستی تووشبون بەدیاریکراوی بزانێت و ئامادەکاری بکات بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا ژمارەى پشکنیینەکانی زیاتر کردووە.