هاتوچۆی سلێمانی: کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی دەکەونە کار
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگەداری شوفێران دەکاتەوە، ڕۆژی 28ـی ئاب، کاتژمێر 10ـی بەیانی، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل لە ڕێگای نێوان سلێمانی – تاسڵووجە دەکەونە کار.
سێشەممە 26ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی کردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، کاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ڕێگای نێوان سلێمانی – تاسڵووجە و بە پێچەوانەوە، دەکەونە کار و تیژڕەوی ئۆتۆمبێل تۆماردەکەن، دەشڵێت: تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی بە سیستەمی One Point و بەپێی ئەو خێراییانەی کە لە هێماکانی هاتووچۆی تەنیشت ڕێگاکە دانراون تۆمار دەکات.
سەبارەت بە ڕێگای نێوان سلێمانی – وارماواش ڕایگەیاندووە، بەهەمان شێوە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل دانراون و 228ـی ئاب و کاتژمێر 10 ی بەیانی، سەرپێچی خێرایی بە سیستەمی Point to Point بەپێی ئەو خێراییانەی دیاریکراوە لە ڕێگەی هێماکانی هاتووچۆوە، تۆمار دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی لێبووردن لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی، بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک (5) کیلۆمەترە، بۆ بارهەڵگر (3) کیلۆمەترە.
سەبارەت بە میکانیزمی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەویش لەو کامێرایانە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: بە سیستەمی Point to Point کار دەکەن، تێکڕای خێرایی لە هەموو کامێراکان هەژمار دەکرێت، نموونەشی بۆ ئەوە هێناوەتەوە کە، لە نێوان دوو کامێرا، پێویستە شۆفێر بە خێرایی ڕێگەپێدراو کە دیاریکراوە، شۆفێری بکات، بە پێچەوانەوە سزای دیاریکراو دەدرێت.
هەروەها لەنێوان کامێراکانی دیکەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو، هەمان سزا، دووبارە دەیگرێتەوە.
دەشڵێت: میکانیزمی سەرپێچی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە کامێراکان، بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ڕێکخراوە، واتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێـمی کوردستان بە یەک سیستەم کاردەکەن بێ جیاوازی لەو شەقام و ڕێگایانەی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان لە هەرێم کە کامێراکانی تیژڕەوی تیادایە.