ماوەی 80 ساڵە یەدەگی ئاوی عێراق بەم شێوەیە کەمی نەکردووە

کەمبوونەوەی ئاو
کەمبوونەوەی ئاو

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، یەدەگی ئاوی عێراق لە 80 ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی، ئەمەش بەهۆی کەمبارانی و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتە.

خالید شەماڵ، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە پەراوێزی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغدا ڕاگەیاند، کەمبوونەوەی ئاو لە ساڵی 2024 خراپترە، و دەسەڵاتداران ناچار دەکات ڕووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی لەم هاوینە داچێنراون، کەم بکەنەوە.

خالید شەماڵ گوتیشی: عێراق کەمتر لە 40%ـی پشکی خۆی لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات وەردەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەتوانین لە زۆر جێگای هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات زەوی ببینین."


گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان جەختیشی کردەوە، "ساڵی ڕابردوو یەدەگی ئاوی کۆگاکان لە عێراق باشتر بوو، واتە دوو هێندەی ئەمساڵ بوو."

ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، "لە سەرەتای وەرزی هاویندا پێشبینی دەکرا لانیکەم 18 ملیار مەتر سێجا ئاومان هەبێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجامان هەیە."

ڕوونیشی کردەوە، "لە ماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا، هەرگیز یەدەگی ئاومان بەم شێوەیە کەمی نەکردووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بارانی ئەمساڵ کەم بووە و تەنانەت داهاتی ئاوی تواوەی بەفر زۆر کەم بووە، هەموو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر کۆگاکردنی ئاو هەبووە."

بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەردەستبوونی ئاوی خواردنەوە بۆ 46 ملیۆن عێراقی، دەسەڵاتداران لە ساڵانی ڕابردوودا ناچاربوون ڕووبەری کشتوکاڵی کەمبکەنەوە. خالید شەماڵ لەوبارەوە گوتی: "پلانی کشتوکاڵی هاوینە فراوانتر ناکەین."

ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا شوێنی سەوزایی یان ناوچە بەرهەمدارەکان دەپارێزین، کە زیاترە لە ملیۆنێک و نیو دۆنم".

هاوینی ڕابردوو دەسەڵاتداران ڕێگەیان بە جووتیاران دا دوو ملیۆن و نیو دۆنم گەنمەشامی و برنج و باخی میوە بچێنن.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق هانی جووتیارانی داوە کە تەکنیکی ئاودێری هاوچەرخ بەکاربهێنن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment