ئەگەر بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس بخرێتەوە کار، سووریا ساڵانەی 200 ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت
بەڕێوەبەری توێژینەوەی کۆمپانیایەکی وزەی جیهانی دەڵێت: ئەگەر بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس بخرێتەوە کار، ساڵانە 150 ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردەی دەریایی ناوەڕاست دەکرێت. پسپۆڕی بواری ئابووریی و وزەش گوتی: عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت بازاڕی ئاسیای هەیە و کڕیارەکانیشی هەمیشەیین، بۆیە نایەوێت نەوت هەناردەی سووریا بکات.
بەهۆی ناسەقامگیری ئاسایشی سووریا نەوت هەناردە ناکرێت
د، ئەرشەد تەها، پسپۆڕی بواری ئابووریی و وزە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق و سووریا لێکگەیشتنیان لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس هەیە، بڕیار وایە تیمێکی هونەری سووریا سەردانی عێراق بکەن و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەکە بکەن.
گوتیشی: تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هاتنی ئەو تیمە هونەرییەی سووریا بۆ عێراق دیار نییە، ناشزانرێت ڕێککەوتن دەکرێت یاخود نا، دەشڵێت: پێم وانییە بگەنە ڕێککەوتن، چونکە هەردوو حکوومەت یەکتریان لا پەسەند نییە، جگە لەوەش ئاسایشی سووریا سەقامگیر نییە، بۆیە عێراق نایەوێت ئەو کارە بکات و نەوتەکەی بکەوێتە ژێر هەڕەشە.
دەشڵێت: عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت بازاڕی ئاسیای هەیە و کڕیارەکانیشی هەمیشەیین، بۆیە نایەوێت نەوت هەناردەی سووریا بکات.
لەبارەی کۆنی بۆری کەرکووک-بانیاس ئەو پسپۆڕەی بواری وزە ئاماژەی دا، بۆری نەوتەکە زۆر کۆنە بەکەڵکی هەناردەی نەوت نایەت.

سووریا 200 ملیۆن دۆلاری ساڵانەی دەستدەکەوێت
ئادیتیا ساراسوات، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک ڕەنگە تا ساڵی 2030 بگاتە نزیکەی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، گوتیشی: ئەگەر بۆری کەرکووک- بانیاس بخرێتەوە کار، ساڵانە دەتوانێت لە نێوان 110 بۆ 150 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕاستەوخۆ بگوازێتەوە دەریای ناوەڕاست
ئاماژەی بەوەش دا، سووریا ساڵانە 150 تا 200 ملیۆن دۆلار لە کرێی ترانزێتی نەوتی عێراق بەدەستدەهێنێت، ڕوونیشی کردەوە، بەکار خستنەوەی بۆرییەکە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دروست بکات، ئەوکات عێراق دەتوانێت لەجیاتی تورکیا نەوتەکەی هەناردەی باکوور بکات.
دەشڵێت: گواستنەوەی نەوتی خاو لە کەرکووکەوە بۆ باشووری عێراق و هەناردەکردنی بۆ کەنداو، هەرزانترین ڕێگایە و نرخەکەی بە یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەخەملێنرێت، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە 2 بۆ 3 دۆلارە، بەڵام تێچووی هەناردەی نەوت بۆ کەنداوی عەرەبی بەرزدەبێتەوە بە ڕێژەی سێ تاوەکوو پێنج دۆلار، ئەمەش بەهۆی گرەنتی کردن و سەلامەتی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاسە، جگە لە تێچووی نۆژەنکردنەوەی بۆریەکە.
ساراسوات لەوبارەوە ئامۆژگاری عێراق و سووریا دەکات، کە پێش نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە بە شێوەیەکی فەرمی، سوودەکانی لە بەرانبەر ئاستەنگە بەرچاوەکانی دارایی و جیۆپۆلەتیکیدا هەڵبسەنگێنن.

نۆژەنکردنەوەی بۆری کەرکووک-بانیاس
ڕۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، وەزیری وزەی سووریا، محەممەد بەشیر لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی کۆبووەوە و تاوتوێی هاوکاریی وزەیان لە نێوان هەردوولا کرد.
لە میانی دیدارەکەیاندا، محەممەد بەشیر باسی لە دۆخی کەرتی وزەی سووریا کرد و ڕوونیکردەوە، سووریا جگە لە بەرهەمی ناوخۆ، مانگانە بۆ دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هاوردە دەکات.
وەزیری وزەی سووریا، جەختی لە گرنگی بەستنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان سووریا و عێراق کردەوە و گوتی: بۆری نەوتی نێوان کەرکووک-بانیاس زۆر کۆن بووە و پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە.
لای خۆیەوە وەزیری نەوتی عێراق خواستی وڵاتەکەی بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس دەربڕی و پێشنیازی کرد ڕاوێژ بە دەزگایەکی تایبەتمەند بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی کاراکردنەوەی بۆریەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەوانەیە بۆریە کۆنەکە نۆژەن بکەنەوە، یان بۆریەکی نوێ دروست بکەن.